لە ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەرزی چنینەوە گوڵە

چنینەوەی گوڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
چنینەوەی گوڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

K24 – هەولێر

عەلی دیانەتی یاریدەدەری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەرهەمە ڕووەکییەکان ڕایگەیاند، لە ڕووبەری 334 هێکتار زەوی چنینەوەی گوڵەباخەکانی سنووری شارەکانی خۆی و ورمێ دەستی پێ کردووە.

بە گوتەی دیانەتی، کۆی بەرهەمی گوڵەباخەکانی پارێزگای ورمێ ساڵانە زیاتر لە 750 تۆن دەبێت و هەر ساڵێکیش نزیکەی 900 هەزار لیتر گوڵاو بەرهەم دەهێنرێت کە دەکاتە 80% گوڵە چندراوەکان، لە 15%ی گوڵەکانیش وشک دەکرێنەوە و لە بەرهەمهێنانی مرەبا، شەکری کڵۆ و بەرهەمە خۆراکییەکانی دیکە بەکار دەهێنرێن، هەروەها 5%یشی وەک خونچەی وشک کراو هەناردەی دەرەوە دەکرێت.

عەلی دیانەتی ئاماژەی داوە، چنینەوەی گوڵەباخەکان لە ورمی و خوی تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و  دوای پشکوتنی خونچەکان دەبێت پەلە بکرێت لە کۆکردنەوەی گوڵەکان، ئەگەرنا گوڵەکان ڕەنگیان دەگۆڕێت و هەڵدەوەرن، ئەمەش کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمی گوڵاو دەبێت.