هەفتەیەکی چارەنوساز چاوەڕی یاریزانەکانی ریاڵ مەدرید دەکات
ئەم هەفتەیە بۆ بەشێک لە یاریزانەکانی یانەی ریاڵ مەدرید هەفتەیەکی چارەنوساز دەبێت، لەبەر ئەوەی بەشێک لە یاریزانەکانی ئەو یانەیە، ئەم هاوینە گرێبەستەکانیان کۆتایی دێت، بۆیە فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەکە و تیمەکەی کۆبونەوەیان لەگەڵ بەشێک لە بەرێوەبەری کارەکانی یاریزانەکانیان دەستپێکردووە.
ئەو دوو یاریزانەی زۆرترین قسە لەسەر داهاتوویان دەکرێت بریتین لە تۆنی کرۆس و لۆکا مۆدریچ. گرێبەستی ئەم دوو یاریزانە بەئەزموونە کۆتایی ئەم وەرزە لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید تەواو دێت و تا ئێستاش دیار نییە کە ئایا لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەردەوام دەبن یان نا. پێشبینی دەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا چارەنوسی هەردوو یاریزان دیاری بکرێت.
یەکێکی دیکە لەو یاریزانانەی ئەم هاوینە گرێبەستەکەی لەگەڵ پاڵەوانی ئەم وەرزە لالیگا کۆتایی دێت، لوکاس ڤاسکێزە، سەرچاوەکانی نزیک لە یانە مەدریدییەکە بڵاویان کردووەتەوە، ئەو یاریزانە بەم دواییە توانیویەتی ئاستێکی باش پێشکەش بکات، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە گرێبەستەکەی بۆ ماوەی وەرزێکی دیکەش نوێدەکرێتەوە.
دوای پێکانە قورسەکەی تیبۆ کۆرتوا، ترس و گومانێکی زۆر لە ریزەکانی یانە شاهانەکە دروستبوو، بەڵام ئاندرێ لونین گۆڵپارێزی ئۆکراینی توانی بە باشترین شێوە بەرگری لە گۆڵەکەی بکات، بۆیە بەرپرسانی یانەکەی ناچار کردووە، گرێبەستی بۆ ماوەیەکی درێژتر نوێبکەنەوە.
بە گشتی ئەو یاریزانانەی تەمەنیان سەروو 30 ساڵیە لە ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید، تەنها بۆ ماوەی یەکساڵ گرێبەستەکانیان نوێدەکرێتەوە، ئەم یاسایە چەندین ساڵە لەو یانەیە جێبەجێ دەکرێت، هەربۆیە هەموو ئەو یاریزانانەی گرێبەستەکانیان ئەم هاوینە کۆتایی دێت، ئەگەر بمێننەوە تەنها یەک وەرزی دیکە دەمێننەوە.