تێر شتیگن بووەتە ئامانجی یانەیەکی سعوودی
مارک ئاندرێ تێر شتیگن گۆڵپارێزی ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنا، بووەتە ئامانجی یانەی ئیتیحادی سعوودی و چاوەڕێ دەکرێت بەم نزیکانە، یانە سعوودیەکە ئۆفەری فەرمی پێشکەش ئەو گۆڵپارێزە بکەن.
ماوەیەک دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە گوایە مارک ئاندرێ تێر شتیگن، گۆڵپارێزی ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا، بووەتە ئامانجی یانەی ئیتیحادی سعوودی، بەڵام کە نزیکەکانی ئەو گۆڵپارێزە بەردەوام دەنگۆکانیان رەتکردەوە، کەچی ئەمجارەیان رۆژنامەی وەرزشی مۆندۆدێپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی بڵاویکردووەتەوە، لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەم وەرزە، بەرپرسانی یانە سعوودیەکە ئۆفەرەکەیان پێشکەش ئەو گۆڵپارێزە دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، گۆڵپارێزە ئەڵمانیەکە ئامادەنیە یانەکەی جێبهێلێت و دەیەوێت تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی، کە لە ساڵی 2028 کۆتایی دێت، لەگەڵ یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا بەردەوام بێت.
تێر شتیگن لەوەتەی ساڵی 2014 لە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا یاریی دەکات، لەو کاتەوە لەگەڵ یانەکەی بەشداری 409 یاریکردووە و خاوەنی 171 کلین شیتە و 404 گۆڵیشی لێکراوە.