بەشێک لە هاووڵاتییانی ئێران توانای کڕینی پێداویستییەکانیان نەماوە

K24 - هەولێر
لێکەوتەکانی قەیرانی دارایی لە ئێران بەجۆرێک قوڵبوونەتەوە، هاووڵاتییانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانای کڕینی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان نەماوە.
لە ڕۆژی 8ی ئایارەوە پێشانگەیەکی هەموو جۆری کەلوپەلی ناوماڵ، خۆراک، جلوبەرگ و ئیکسسوارات لە شاری پیرانشار بە ناوی پێشانگەی بەهارانە کراوەتەوە کە تێیدا بە ڕێژەی تاکوو 50% داشکان بۆ نرخی کاڵاکان کراوە، بەڵام بەهۆی دۆخی خراپی ئابووریی خەڵکەوە پێشوازی لە پێشانگەکە لاوازە.
پێشانگەکە بەو مەبەستە کراوەتەوە کەلوپەل و پێداویستیی خەڵک بە کوالێتییەکی باش و نرخێکی گونجاو و هەرزانتر لە بازاڕ بخرێتە بەردەستی خەڵک، بەو حاڵەشەوە خەڵک توانای کڕینیان نییە و فرۆشیاران خۆزگە بە دۆخی پار دەخوازن و دەڵێن، ئەوەی پارەکە بایی ملیۆنێک شتی دەکڕی، ئەمساڵ 500 هەزاریشی نییە خەرجی بکات.
قەیرانی ئابووریی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە بە ڕادەیەک پەرەی سەندووە داتا فەرمییەکانی ناوخۆی ئێران باس لە ڕێژەی 40 بۆ 50%ی هەڵاوسان دەکەن و بەوەش توانای کڕینی خەڵک زۆر کەم بووەتەوە و لەو جۆرە پێشانگەیانەشدا کە داشکانی زۆر بۆ کەلوپەلەکانیان دەکەن، خەڵک ناتوانن ئەو شتەی پێویستیانە بیکڕن، چونکە هەڵاوسان بەردەوام بەشێکی بەرچاوی داهاتی خێزانەکان هەڵدەلووشێت.