سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هۆشداریی لە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتانی ناتۆ دەدات

ریشی سوناک، سەرۆکوەیزرانی بەریتانیا
ریشی سوناک، سەرۆکوەیزرانی بەریتانیا

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هۆشداری دەدات هەڕەشەکانی سەر ئەوروپا ڕاستەقینەن و جەنگ گەڕاوەتەوە بۆ کیشوەرەکە.

ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، "ئەگەر ڕووسیا لە جەنگی ئۆکرانیا سەرکەوتووبێت، ئەوا هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی ئەندامی ناتۆ". گوتیشی: "ئەو هەڕەشانەی مەترسی لەسەر وڵاتەکەمان دروست دەکەن؛ ڕاستەقینەن و ژمارەیان لە زیادبووندایە".

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕاشیگەیاند، "وڵاتە پاوانخوازەکانی وەک ڕووسیا، ئێران، کۆریای باکوور و چین بەیەکەوە کار دەکەن بۆ پێشێلکردنی ئێمە و بەهاکانمان".

وەکو ئەوەی سوناک باسی کرد، "جەنگ گەڕاوەتەوە بۆ ئەوروپا؛ هاوپەیمانەکانمان لە ناتۆ هۆشداری دەدەن، ئەگەر پۆتین لە ئۆکرانیا سەرکەوتوو بێت، دواتر نۆرەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ دێت. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش جەنگ پەرەی سەندووە، لە کاتێکدا ئیسرائیل نەک تەنیا لە دژی حەماس، بەڵکو لە دژی هێرشی مووشەکی، کە بۆ یەکەم جار ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە کرا، بەرگری لەخۆی دەکات".