دیبالا دڵی لەگەڵ رۆما نەماوە
پاولۆ دیبالا هێرشبەری ئەرجەنتینی یانەی رۆما، بیر لە جێهێشتنی ریزەکانی یانەکەی دەکاتەوە و رەنگە وەرزی داهاتوو لە یانەیەکی دیکە یاریی بکات کە بەشدار بێت لە چامپیۆنزلیگ.
رۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵیا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی یانەی رۆمای ئیتاڵیا نەیتوانی بلیتی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت، پاولۆ دیبالا هێرشبەری یانەکە بڕیاریداوە ریزەکانی یانەکەی جێبهێڵێت، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو لەگەڵ یانەیەکی دیکە بەشداری ئەو پاڵەوانێتیە بکات، هەروەها سەرچاوەکە بڵاویشی کردووەتەوە، چەند یانەیەکی لالیگا و پرێمەرلیگ، ئامادەن هێرشبەری 30 ساڵانەکە بگوازنەوە ریزەکانیان.
دیبالا تاوەکو هاوینی ساڵی 2025 گرێبەستی لەگەڵ یانەی رۆما هەیە، بەڵام برگەیەک لە گرێبەستەکەی هەیە، پێش ئەو وادەیە، دەتوانێت بەرامبەر 12 ملیۆن یۆرۆ، ریزەکانی یانەکەی جێبهێڵێت. بۆیە ئەو یاریزانە دەتوانێت بە ئاسانی ریزەکانی یانەکەی جێبهێڵێت.
دیبالا لەو کاتەی پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی رۆمای ئیتاڵیا کردووە، لەگەڵ ئەو یانەیە بەشداری 75 یاریکردووە و خاوەنی 34 گۆڵ و 18 ئاسیستە.