دادگای فیدراڵی هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گۆڕیوە
دادگای فیدراڵی لەبارەی شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەشداریی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردن، بە خۆیدا چووەتەوە و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی هەڵەکانی دەدات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جاسم محهمهد عهببوود، سهرۆكى دادگای فیدراڵی، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەشداریی هەموو لایەنەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
گۆڕانی هەڵوێستی دادگاش لە کاتێکدایە، هەڵوێستی پارتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەسەر هەڵبژاردنی ئازاد، شەفاف و دادپەروەرانە نەگۆڕە. جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی کوردستان24، پشتیوانی خۆی بۆ بەشداریی فراوانی لایەن و پێکهاتەکان لە هەڵبژاردن کردەوە.
ڤیدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی: "ئێمە بەردەوامین لە پشتیوانی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئازاد و شەفاف، وەك پرەنسیپ هانی بەشداریەكی فراوانی هەموو لایەنەكان دەدەین لە پرۆسەی دیموكراسی، بەشێوەیەك رەنگدانەوەی فرەیی و پێكهاتەكانی كۆمەڵگە بێت."
ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 19-05-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ دادبینی و یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
وردەکاریی سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
ڕۆژی یەکشەممە، 06-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بریکارەکەیەوە، پارێزەر ئەیاد کاکەیی، سکاڵایەکی لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد.
سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە دوو خاڵەوە هەیە؛ ڕێکارەکانی دابەشکردنی 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسییەکەی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان. سەرۆکوەزیران داوای کردووە دادگاکە ئەو دابەشکارییە بە "نادەستووریی" بزانێت.
رۆژی 22-02-2024، دادگەى باڵاى فیدراڵىی عێراق 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانى لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە و بە نادەستووریی ناساندن. 11 کورسییەکە بەم شێوەیە بەسەر پێکهاتەکاندا دابەشکرابوون: پێنج کورسی بۆ کریستیان، پێنج کورسی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن.
وەڵامی دادگای فیدراڵی بۆ سکاڵاکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
ڕۆژی سێشەممە، 07-05-2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە وەڵامی سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی بەپەلەی (ئەمری وەلائی) دەرکرد بە مەبەستی ڕاگرتنی رێکارەکانی جێبەجێ کردنی بڕگەی دووەمی ماددەی 2ی سیستمی دووی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ی ساڵی 2024.
بڕگەکە تایبەتە بە دابەشکردنی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن کە پارێزگاکانی هەولێر 34 کورسی، سلێمانی 38 کورسی، دهۆک 25 کورسی، هەڵەبجەش سێ کورسییان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بۆ تەرخانکرابوو.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوو، جێبەجێکردنی بڕگەکە ڕادەگیرێت تا ئەو کاتەی سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکلایی دەکرێتەوە.