عەبدولخالق تەڵعەت: مەترسییەکانی داعش بەردەوامە و پێویستە هاوپەیمانان بمێننەوە
نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئاشکرای دەکات هێشتا مەترسییەکانی داعش لەسەر عێراق بەردەوامە و پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بمێنننەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە(16ـی ئایاری 2024)، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بە کوردستان24ـ ی ڕاگەیاند، لێدوانەکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن، مەترسییەکانی داعش بەهەند وەرنەگیراون، بەڵام داعش هەر کاتێک بیەوێت هێرش دەکاتە سەر سوپای عێراق و گورزی گەورەشی لێ داوە.
لیوا عەبدولخالق دەڵێت، داعش مەترسییەکانی بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەش عێراق هەوڵی دوورخستنەوەی ئەمەریکا دەدات دەدات لە عێراق، بەڵام هێرشەکانی داعش دەیسەلمێنێت کە عێراق هێشتا ناتوانێت خۆی بپارێزێت.
عەبدولخالق تەڵعەت دووپاتی ئەوەی کردەوە کە پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بمێننەوە، چونکە هەڕەشەکانی داعش بەردەوامن.
لەبارەی لیوا هاوبەشەکانیش، عەبدولخالق تەڵعەت گوتی، لیوا هاوبەشەکان جێگیرکردنیان بە لەسەرخۆیی دەڕوات، پێویستە بەم نزیکانە پرۆسەکە کۆتایی بێت، چونکە هەموو پێویستییەکانیان دابین کراون و شوێنەکانیان دیاری کراوە.
شهوی 13ـی ئایاری 2024، لە پارێزگای سەڵاحەددین لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانی داعشەوە، ژمارهیهك سەرباز و ئەفسەری سوپای عێراقی کوژران و بریندار بوون.
دواتر وەزارەتی بەرگریی عێراق، کوژرانی عەقید ڕوکن خالید ناجی، فەرماندەی فەوجی دووی لیوای پیادەی 93، فیرقەی پیادەی 21 و چەند سەربازێکی لە هێرشەکەی داعشدا بۆ سەر هێزەکانیان لە گوندی (الاسبعيات)ـی نزیک دەشتی عوزێم لە نێوان دیاله و سەڵاحەددین ڕاگەیاند.
هاوكات داعش لە قۆڵێکی دیکەوە لە نزیک ناوچەی (متیبیجە) لە سەڵاحەددین ھێرشیان کرده سەر حەشدی شەعبی و به گوێرهی زانیارییهكان، هێرشهكان له ڕێگهی دوو خۆكوژهوه بوونه.