گۆڤەند شێروانی: ڕێگەی کوردستان ئارامترین ڕێگەیە بۆ گواستنەوەی نەوت
پسپۆرێکی بواری نەوت ئاشکرای دەکات، ڕێگەی کوردستان ئارامترین ڕێگەیە بۆ گواستنەوەی نەوت.
ڕۆژی پێنجشەممە(16ـی ئایاری 2024)،گۆڤەند شێروانی، پسپۆڕی بواری وزە بۆ کوردستان24 گوتی، ڕێگەی کوردستان ئارامترین ڕێگەیە بۆ گواستنەوەی نەوت.
گوتیشی، کەرتی وزە لە ئەمەریکا گرنگە، چونکە گەورەترین بەکارهێنەرەی وزەیە و دووەم هاوردەکارە، پێشی وابوو ئەمریکا گرنگی بەو وڵاتانە دەدات کە بەرهەمهێنن.
ئەو پسپۆرە گوتی، هەرێمی کوردستان بۆتە لایەنێکی گرنگی وزە، ڕۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، بەڵام بە وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتەکە، 12 ملیار دۆلار زیانی ئابووریی بەر عێراق کەوتووە.
لەبارەی گرنگیی وزەش گوتی، وزەیە کاڵایەکی ستراتیجییە، دەچێتە نێوهاوکێشە سیاسییەکان، عێراق بەهۆی نەوتەوە دامەزرا.
دەشڵێت، ئەزموونی نەوت لە کوردستان سەرکەوتووە، بۆیە وێستگەیەکی کارەبا بە گازی سروستی بڕیارە لە دهۆک دروست بکرێت.
گوتی، هەمووان لە ڕاگرتنی نەوتی کوردستان زەرەمەندن، فشاریش هەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان تاوەکوو هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەست پێ بکاتەوە. دەشڵێت، ڕێگەی کوردستان ئارامترین ڕێگەیە بۆ گواستنەوەی نەوت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/16 مەسرور بارزانی سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە جێفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئامادەی بوو، بیر و ڕا لەبارەی پەرەپێدان و پێشخستنی کەرتی وزە و دەرفەتەکانی سوود وەرگرتن لە وزەی خاوێن و نوێبووەوە و پلان و پڕۆژەکان لە پێناو باشترکردنی دۆخی کارەبا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی ڕاگرتنەکەی، چەندین ملیار دۆلار زیان بە داهاتی گشتیی عێراق کەوتووە.
پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکوومەت و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەردانی وێستگەی کارەبای ماس گڵۆبەڵ لە پیرداود و وێستگە و کێڵگەی خورمەڵەی سەر بە کار گرووپ-یان لە پارێزگای هەولێر کرد و بەشەکانی هەردوو وێستگەکەیان بەسەر کردەوە.
دواتر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەرەوپێشبردنی کەرتی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەتی بەکارهێنانی وزەی پاک و خاوێن و لەبەرچاوگرتنی پاراستنی ژینگە و سنووردانان بۆ پیسکردنی هەوا.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا کە جێی خۆشحاڵییە گوێبیستی ئەوە بووین ئەمەریکا بایەخ بە پێشخستنی کەرتی وزە لە عێراق وهەرێمی کوردستان دەدات و پشتیوانیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی لەم کەرتانەدا بتوانین هەنگاوی باشتر و پێشکەوتنی باشتر بە دەست بهێنین.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ کوردستانێکی بەهێز و گەشەسەندوو لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا دەربڕی.
گوتیشی خۆشحاڵم کە دەبینم پیشەسازی وزە لەم ناوچەیە پێشکەوتووە و لە ئاستی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکاندایە، کاتێک سەیری دیمەنەکە دەکەم، زۆر لە ناوچەکانی بەرهەمهێنانی نەوتمان لە ئەمریکا بیردەخاتەوە و ئێرە وەکوو (ئۆکلاهۆما)یەکی بچووک وایە .