کێبڕکێیە لەسەر یاریزانێکی کورد
مەحمود داوود ئەستێرە کوردەکەی یانەی شتوتگارتی ئەڵمانیا، بەهۆی ئاستە بەرزەکەی لە ریزەکانی یانەی برایتنی ئینگڵتەرا، بووەتە کێشە لە نێوان هەردوو یانە.
ناوەڕاستکارەکەی رۆژاوای کوردستان دوای ئەوەی مانگی شەشی ساڵی رابردوو بۆ ماوەی شەش مانگ. بە شێوەی خواستن پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی برایتنی ئینگڵتەرا کرد، ئەو یانەیە لە هەوڵی هێشتنەوە یاخود گواستنەوەی هەمیشەیی ئەو یاریزانە کوردەیە، بەڵام یانەکەی ئامادەنیە دەستبەرداری بێت.
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنوسی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، داوود بەهۆی ئاستە بەرزەکەی بەرپرسانی یانە ئینگلیزیەکەی ناچار کردووە، بیر لە هێشتنەوەی بە گرێبەستێکی هەمیشەیی بکەنەوە، بەڵام یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی ئامادەنیە دەستبەرداری یاریزانەکەی بێت و لە هەوڵی گەڕاندنەوەیدایە.
رۆمانۆ بڵاویشی کردەوە یانە ئەڵمانیەکە ئامادەنیە بژاردەی کڕینەوەی هەمیشەیی، لە گرێبەستی مەحمود داوود ئەستێرە کوردەکەی کارا بکات، بۆیە ئەو یاریزانە دوای کۆتایی هاتنی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ، دەبێت بگەڕێتەوە ئەڵمانیە و پەیوەندی بە یانەکەیەوە بکات.
داوود ئەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی لە کۆی خوڵ و پاڵەوانێتیەکان، بەشداری 28 یاریکردووە و خاوەنی 1 گۆڵ و 1 ئاسیستە، هەروەها بەهاکەشی لە ماڵپەری ترانسفێرمارکێت، بە 8 ملیۆن یۆرۆ خەمڵێندراوە.