شوان کەلاری: هەوڵێک بۆ دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمانیی عێراق هەیە

شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

K24 – بەغدا:

پەرلەمانتارێکی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، حزبی تەقەدوم و سەداڕە واژۆ کۆ دەکەنەوە بۆ ئەوەی دانیشتنەکە دوابخرێت بەو پێیەی دەیانەوێت مەشهەدانی دەربچێت، بەڵام لایەنگرانی سالم عیساوی سوورن لەسەر ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت بۆ ئەوەی پرسەکە یەکلا بکرێتەوە.

شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەگەر هەیە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دیاریکردنی سەرۆکێکی نوێ بەردەوام بێت و بچێتەوە گەڕی سێیەمی دەنگدان، بەڵام هەوڵێک بۆ دواخستنی دانیشتنەکە هەیە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: سەرەتا هەمووان پێیان وابوو کە مەشهەدانی بەپێی رێککەوتنی پێشوەختە دەردەچێت، بەڵام لە کاتی دەنگداندا شتەکە لە ئاست چاوەڕوانی کەسدا نەبوو کاتێک بینرا سالم عیساوی زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، لە ئێستادا حزبی تەقەدووم و سەداڕە لە پەرلەمانی عێراق واژۆ کۆ دەکەنەوە بۆ ئەوەی دانیشتنەکە دوابخرێت.

گوتیشی: حزبی تەقەدوم و سەداڕە دەیانەوێت کاندیدەکەی خۆیان مەحموود مەشهەدانی دەربچێت، بەڵام لە لایەکی دیکەوە لایەنگرانی سالم عیساوی سوورن لەسەر ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت بۆ ئەوەی پرسەکە یەکلا بکرێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە (18ـی ئایاری 2024) دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی په‌رله‌مانی عێراق دەستیپێکرد و هەر یەک لە مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوی، تەڵال زەوبەعی و عامر عەبدولجەببار خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر کرد.

هاوکات هەر چوار بەربژێرەکە نەیانتوانی لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا لە کۆی 329 دەنگ، 166 دەنگ بدەست بهێنن و پۆستەکە یەکلابکەنەوە، بۆیە دەنگدانەکە چووە گەڕی دووەم، لە گەڕی دووەمیش کێبڕکێکە لە نیوان مەشهەدانی و عیساویدا بوو، بەڵام گەڕی دووەمیش بە کۆتا هات، چاوەڕوان دەکرێت گەڕی سێیەم دەنگدان دەست پێ بکات.

دەنگەکانی گەڕی دووەم بەو شێوەیە بوو؛ مەحموود مەشهەدانی 137 دەنگ، سالم عیساوی 158 دەنگ، عامر عەبدولجەبار 3 دەنگ.