رۆناڵدۆ پیرۆزبایی لە كوردێك دەكات
لە پاڵەوانێتی كێشی قورس كە لەسەر خاكی سعوودیە بە ئامادەبوونی بەشێك لە ئەستێرەكانی تۆپی پێ بەڕێوەچوو، كوردێك مێژووی تۆمار كرد و پلەی یەكەمی لە پاڵەوانێتییەكە بەدەستهێنا و كریستیانۆ رۆناڵدۆش پیرۆزبایی لێكرد.
لە پاڵەوانێتی بۆكسێنی كێشی قورس عەگید كابایل پاڵەوانی كوردی شاری مەرەشی باكووری كوردستانە، بەڵام لەژێر ئاڵای ئەڵمانیا بەشداریی لە پاڵەوانێتی بۆكسێنی كێشی قورس كرد لە سعوودیە، لە دوایین قۆناغدا عەگید شكستی بە ركابەرەكەی هێنا و پلەی یەكەمی بەدەستهێنا، دواتر كریستیانۆ رۆناڵدۆ چووە نێو ستەیچ و گۆڕەپانی جەنگەكە و وێنەیەكی لەگەڵ عەگید گرت و پیرۆزباییشی لە پاڵەوانە كوردەكە كرد.
عەگید كابایل پاڵەوانی كورد دوێنێ لە پاڵەوانێتی جیهانی بۆكسێن، 25ـەمین یاریی بەبێ دۆڕان تێپەڕ كرد و بە بردنەوەی لە سانچێز مێژووی لە پاڵەوانێتییەكە تۆمار كرد، لە كاتی سەركەوتنەكەش، هەواداران و خانەوادەی عەگید لە گۆڕەپانی پاڵەوانێتییەكە بە دەنگێكی بەرز بە ناوهێنانی "بژی كورد و سەركەوتن بۆ كوردستان" ئاهەنگ و خۆشیان دەردەبڕی.
دواتر كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ وەرگێڕە كوردەكەی كە ناوی مەحموودە و خەڵكی عەفرینی رۆژئاوای كوردستانە چوونە لای عەگید و پیرۆزباییان لە پاڵەوانە كوردەكە كرد.
مەحموود كە وەرگێڕی كریستیانۆ رۆناڵدۆیە لە شارەدێی راكۆی عەفرین لە دایكبووە، جگە لە زمانی رەسەنی كوردی، دەتوانێت بە زمانەكانی، ئینگلیزی، كرواتی، سڕبی، ئیسپانی، رووسی، عەرەبی و بۆسنەیی قسە بكات، بەیەكەوە لەگەڵ كریستیانۆ پیرۆزباییان لە پاڵەوانە كوردەكە كرد.
عەگید كابایل كێییە؟
عەگید كابایل لە مانگی ئەیلولی 1992 لە خێزانێكی كۆچرەوی شاری لیڤەركووزنی ئەڵمانیا لە دایكبووە، بنەماڵەی ئەو پاڵەوانە كوردە خەڵكی مەڕەشی باكووری كوردستانن، بەڵام لە سەرەتای ساڵی نەوەدەكان توركیان بەرەو ئەورووپا جێهێشتووە و وەكو تاراوگەنشین لە ئەڵمانیا نیشتەجێ دەبن.
پێشتر عەگید بەشداریی لە چەندان پاڵەوانێتی گەورەی جیهانی كردووە، دیارترینیان پاڵەوانێتی بۆكسێنی ئەورووپا بوو لە نێوان ساڵانی 2017 و 2019، لە ئێستاشدا نازناوی ركابەری (بێ دۆڕانیان) پێبەخشیوە.