حکوومەت بازاڕی زیاتر بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی هەنگوین دەڕەخسێنێت

پێشبینی دەکرێت لە بارەی کەشوهەوای ئەمساڵ کاریگەرییەکی باشی بۆ سەر زیادبوونی بەرهەمی هەنگوین هەبێت و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە هەوڵدایە بۆ بەهێزترکردنی کەرتی کشتوکاڵ و زیاتر پشتیوانیکردنی جوتیاران بازاڕی زیاتری دەرەکی بۆ بە بازاڕکردن و ساخکردنەوەی بەرهەمەکان بڕەخسێنێت.

پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی و بە بازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی لە دەرەوەی وڵات یەكێکە لە خاڵە گرنگەکانی کارنامەی کابینەی نۆمەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ وەرچەخان لە کەرتی ئابووری هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پشت بەستن بە نەوت کەم بکرێتەوە و خاکی بە پیتی هەرێمی کوردستان بکرێتە بەشێک لە سەبەتەی خۆراک هەم بۆ ناوخۆ هەم بۆ هەناردەکردنی دەرەوە.

بە بازاڕکردنی بەرهەمی هەنگوینی کوردستان یەکێكە لەو بەرهەمە خۆماڵیانەی لە دەرەوەی هەرێم بە بازاڕکراوە و ئەمەش بووەتە هاندەر بۆ مێشەوانان تاوەکوو پەرەی زیاتر بە پرۆژەکانی مێشەوانی بدەن.

بەرهەمی هەناردەکراوی هەنگوینی کوردستان بۆ قەتەر
بەرهەمی هەناردەکراوی هەنگوینی کوردستان بۆ قەتەر

بەشێکی زۆر لە مێشەوانانی هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە سنووری پارێزگای دهۆک، لە نێویاندا میکائیل جوبرائیل زیاتر لە 30 ساڵە سەرقاڵی مێشەوانییە و زیاتر لە 600 مێشی هەیە، ئەو کە قسەی بۆ کوردستان24 کردووە، دەڵێ "لە ساڵانی ڕابردوو بەرهەمەکانی گەیشتووەتە چەند وڵاتێک و پێشبینیش دەکات بۆ ئەمساڵ بەرهەمەکەی بگاتە حەوت تۆن ". دەشڵێت؛ بە هەوڵی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمی هەنگوینی کوردستان لە دەرەوەی وڵات بە بازاڕکراوە و ئێمەش سوپاسی دەکەین بۆ ئەم پشتگیری کردنەیی و داوای فراوانکردنی پرۆسەی بە بازاڕکردنی هەنگوین دەکەین، چونکە بەرهەمی هەنگوینی کوردستان زۆر و ساڵی وا هەیە بەرهەمی هەنگوینی تەواوی هەرێمی کوردستان بگاتە نزیکەی 500 تۆن".

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە بڕی هەناردە و بە بازاڕکردنی بەرهەمی هەنگوین بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاتر، ساڵانەش لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم فێستیڤاڵی تایبەت بە ناساندنی بەرهەمی هەنگوین و بە بازاڕکردنی ڕێکدەخرێت.

لەمبارەوە نزار محەممەد بەرپرسی بەشی مێشەوانان لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی دهۆک بۆ کوردستان24 گوتی: هەندێک لە مێشەوانەکان حەز دەکەن خۆیان لە سنووری شارەکانی خۆیان بازاڕێک بۆ ساخ کردنەوەی بەرهەمەکانیان پەیدا بکەن، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە ئەو قەبارەی هەناردەی بەرهەمی هەنگوین بۆ دەرەوەی وڵات زۆر زیاتر بکات و بازاڕەکان بۆ ساخ کردنەوەی زیاتر بکات".

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی هەناردەکردن و بە بازاڕکردنی هەنگوینی کوردستان لە قەتەر - وێنە ئەرشیف
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی هەناردەکردن و بە بازاڕکردنی هەنگوینی کوردستان لە قەتەر - 29/11/2023

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە سەرتاسەری هەرێم 8635 مێشەوان هەن و خاوەندارێتی 330 هەزار مێش دەکەن و تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا بەرهەمی هەرێمی کوردستان لە هەنگوین زیاتر لە 660 تۆن بووە.

لە 29ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو بە سەرپەرشتیى ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری و پاڵپشتیکردنی جوتیاران و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت، دوو تەن هەنگوینی کوالیتیى بەرزی کوردستان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە هەناردەی قەتەڕ کرا، ئەمە جیا لەوەی بەشێکی دیکەی بەرهەمی هەنگوین لە بازاڕە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ساخ کراوەتەوە.