دادگای فیدراڵی: سێ مووچەکەی ساڵی ڕابردوولە تایبەتمەندیی ئێمە نییە
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دەڵیت، چارەکردنی کێشەی سێ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان "لە تایبەتمەندیی ئێمە نییە".
ئەمڕۆ سێشەممە، 21-05-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چەند سکاڵایەک لەنێویاندا سکاڵای تایبەت بە پێدانی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوو، (10، 11 و 12)ـی فەرمانبەرانی کوردستان؛ کۆبووەوە.
سکاڵاکار داوای کردبوو دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کێشەی سێ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارە بکات و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە پێدانی سێ مووچەکە پابەند بکات، بەڵام دادگەی باڵای فیدراڵیی ڕایگەیاند، "ئەو بابەتە لە تایبەتمەندیی دادگەدا نییە".
پێشتر هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی خەرجکردنی مووچەی هەر سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی داوای خەرجکردنی ئەو سێ مووچەیەی کردووە، بەڵام وەکو خۆی گوتی، تاوەکو ئێستا "وەڵامێکی ئەرێنیمان بەدەست نەگەیشتووە کە چۆن مامەڵە (لەگەڵ ئەو سێ مووچە) دەکرێت. واتا عێراق ئەو پارەیەی خەرج نەکردووە، چونکە یاسای بودجە وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە".
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.