پشتیوان سادق: هەوڵ دەدرێت مەرکەزیەت بگەڕێتەوە لە عێراق

لە زانکۆی سەلاحەددین، "سیمپۆزیۆمی فیدراڵیی زامنی سەقامگیریی و پێکەو ژیانە" بەڕێوە دەچێت، لەوتارێکدا، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی گوتی: هەوڵ دەدرێت مەرکەزییەت بگەڕێتەوە عێراق، ئەوەش کارەساتێکی زۆر گەورەیە.

لەو سیمپۆزیۆمەدا پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کارووباری ئاینی ڕایگەیاند، "ئەو دەستوورەی هەموومان دەنگمان پێ داوە، بەداخەوە خەڵکێکی زۆر باوەڕی پێ نەماوە"، دەشڵێت، هەوڵ دەدرێت مەرکەزییەت بۆ عێراق بگەڕێتەوە، ئەوەش کارەساتێکی زۆر گەورەیە؛ هەروەها ئەزموون لە ڕابردوو وەرناگرن، چونکە ئەوەی عێراقی تووشی ئەو هەموو کێشە و نەهامەتییانە کرد ئەوەبوو کە بڕوایان بەوە نەبوو کە کێشەی کوردستان بەدەستوور چارە بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، دۆخی مێژوویی عێراق جیاوازە لەگەڵ وڵاتانی دیکە، چونکە ساڵی 1922 و 1923 عێراق وەکو پینە دروست کراوە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت عێراقێکمان هەبێت و هەست بەبوونی خۆمان بکەین، لەسەر بنەمای فیدراڵی دروست، پێویستە ئەو بەندانەی کە لەدەستووردا هەیە، بەتەواوی جێ بەجێ بکرێن.

پشتیوان سادق باسی لەوەش کرد، "لە ساڵی 1958 کە ڕژێمی پادشایەتی ڕووخا، جەنابی بارزانی لە یەکیتیی سۆڤیەت بوو، کە گەڕایەوە خەڵکی عێراق پێشوازییەکی گەورەیان لێ کرد، هەروەها خەڵکی عێراق وایان دەزانی دۆخێکی نوێ دێتە کایەوە، ئەوەبوو کە ساڵی 1959 دەستووری عێراق نووسرا کورد و عەرەب هاوبەشن لەو وڵاتەدا".   

دەشڵێت: "ئێمە وەکو کوردستانیان ڕۆڵمان هەبووە لە دروستکردنەوەی دەوڵەتی نوێی عێراق، لە نووسینەوەی دەستووری عێراق".

Fly Erbil Advertisment