پارێزگاری هەولێر بەشداریی44هەمین كۆنگره‌ی نێودەوڵەتی وڵاتانی فڕانكۆفۆنی سویسرا دەکات

پارێزگاری هەولێر لە 44هەمین كۆنگره‌ی نێودەوڵەتی وڵاتانی فڕانكۆفۆنی سویسرا
پارێزگاری هەولێر لە 44هەمین كۆنگره‌ی نێودەوڵەتی وڵاتانی فڕانكۆفۆنی سویسرا

پارێزگاری هەولێر بەشداریی لە 44هەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی وڵاتانی فڕانکۆفۆنی سویسرا دەکات و لەگەڵ چەند سەرۆک شارەوانییەک و قائیمقامێکی ئەو وڵاتە، گفتوگۆی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ژینگە کرد.

رۆژی چوارشەممە(22ـی ئایاری 2024)، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەشداریی 44هەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی وڵاتانی فڕانکۆفۆنی، لە شاری لۆزانی سویسرا کرد.

بەپێی ڕاگەیاندراوی پارێزگای هەولێر، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەپەراوێزی کۆنگرەکەدا، لەگەڵ پارێزگار و سەرۆکەکانی شارەوانی و قائیمقامەکانی ئەو وڵاتە کۆبوەوە.

پارێزگاری هەولێر بڵاوی کردوەتەوە، پارێزگاری هەولێر لە دیدار و کۆبوونەوەکانیدا، وێڕای جەحتکردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بە هێزکردنی هه‌ماهه‌نگی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی فڕانکۆفۆنی، گفتوگۆی لە بارەی پرسه‌كانی‌‌ گه‌شتوگوزار و گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و پێشكه‌وتنی شاره‌كان کردووە، هاوکات دووپاتی لە گرنگیدان بە پارێزگاریکردن لە ژینگە و کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا کردوەتەوە.

ساڵانە کۆنگرەی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی پارێزگار و سەرۆکانی شارەوانیەکانی فەرەنسی زمان (فڕانکۆفۆنی) لە یەکێک لە وڵاتانی ئەندام لە دامەزراوەکە بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەمساڵیش لە شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا، بەبەشداری (500) پارێزگار و سه‌رۆكی شاره‌وانی و قاییمقام له‌ (50) وڵاتی جیاوازی جیهان، لەژێر ناونیشانی (هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی و ده‌سه‌ڵاته‌ خۆجێییه‌كان، نێوه‌ندێك بۆ داهێنان) ڕێکخراوە و پارێزگاری هەولێریش وه‌ك ئه‌ندامی كۆنگره‌ بانگهێشتی كۆنگره‌كه‌ كراوه‌، بڕیاریشە کۆنگرەکە تاكو 24ـی ئه‌م مانگه‌ به‌رده‌وام بێت.