چیمه‌ن ئاكره‌یی: حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پلانی ساڵانه‌ی بۆ كۆنترۆڵكردنی په‌تا و نه‌خۆشییه‌كان هه‌یه
K24 - هەولێر:
به‌رپرسی نووسینگه‌ی ڕێکخراوی ته‌ندروستیی جیهانیی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات، بۆ هه‌ر جۆره نه‌خۆشیی و ڤایرۆسێك هۆشیاریی ته‌ندروستی گرنگه.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 22ـی ئایاری 2024) چیمه‌ن ئاكره‌یی، به‌رپرسی نووسینگه‌ی ڕێکخراوی ته‌ندروستیی جیهانیی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی: تای خوێنبه‌ربوون یه‌كێكه له نه‌خۆشییه گوازراوه‌كان و هۆكاره‌كه‌یشی ڤایرۆسه.
چیمه‌ن ئاكره‌یی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، گه‌نه هۆكاری سه‌ره‌كی دروستبوونی ڤایرۆسه‌كه‌یه و له ڕێگه‌ی ده‌ستلێدان و به‌ركه‌وتنه‌وه له ئاژه‌ڵه‌وه بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه.
ناوبراو گوتیشی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پلانی ساڵانه‌ی هه‌یه بۆ كۆنترۆڵكردن و ڕێگه‌گرتن له‌و جۆره په‌تایانه و چاره‌سه‌ری پێویست بۆ نه‌خۆشه‌كان.
به‌رپرسی نووسینگه‌ی ڕێکخراوی ته‌ندروستیی جیهانیی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌ش كرد، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی لێژنه‌ی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه هه‌یه بۆ كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشییه‌كه. ڕوونیشی كرده‌وه، نوێنهرایهتییهكهیان وه‌ك نووسینگه‌ی ڕێخراوی ته‌ندروستیی جیهانیی له‌م لێژنانه كار ده‌كه‌ن و به‌شدارن.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 22ـی ئایاری 2024)، ته‌ندروستیی ئاكرێ راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاو كرده‌وه، تێیدا هاتووه، دوو حاڵه‌تی نه‌خۆشیی تای خوێنبه‌ربوون له قه‌زاكه تۆماركرا، تووشبووێكیان ته‌مه‌نی 48 ساڵ بوو و دوای گواستنه‌وه‌ی بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی دهۆك و پاشان بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی هه‌ولێر، دواجار گیانی سپارد.
هه‌روه‌ها ته‌ندروستی ئاكرێ راشیگه‌یاند، تووشبووی دووه‌م، ته‌مه‌ن 60 ساڵه و ته‌ندروستیی جێگیره و ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه كرا.
تای خوێنبه‌ربوون یه‌كێكه له نه‌خۆشییه ڤایرۆسییه گوازراوه‌كان، كه ده‌بێته هۆی تێكچوونی ته‌ندروستی مرۆڤ و دیواری ده‌مار و موولووله‌ی خوێن له‌ناو ده‌بات، كاریگه‌رییه لاوه‌كییه‌كانی ئه‌و نه‌خۆشییه له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا ده‌رده‌كه‌ون، له هه‌فته‌ی یه‌كه‌م كه‌سی تووشبوو هه‌ست به نیشانه‌كانی ئه‌نفلۆنزا ده‌كات، كه تووشی تایه‌كی توند، ژانه‌سه‌ر، رشانه‌وه، سكچوون، ژانی ماسولكه‌كان و ئێسك و جومگه‌كان ده‌بێت.
له هه‌فته‌ی دووه‌م زیاتر مه‌ترسیداره، كه تووشبووه‌كه له زۆربه‌ی شوێنه‌كانی جه‌سته‌ی تووشی خوێنه‌به‌ربوون ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش تووشی سكچوونی خوێناوی ده‌بێت، ئه‌مه تا 10 ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و به مردن كۆتایی دێت.
نەخۆشیەکە له ساڵی 1944 له جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا سه‌ریهه‌ڵداوه و به گشتی له ئاژه‌ڵه‌وه بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه.