بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک: نزیکەی 800 هەزار دۆنم زەوی لە دهۆک بەگەنم داچێنراوە

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک ڕایگەیاند، "ئەمساڵ، 798 هەزار دۆنم زەوی لە پارێزگای دهۆک بەگەنم داچێنراوە، دەشڵێت، "ئەمساڵ نزیکەی شەش هەزار تۆن پەتاتە بۆ وڵاتانی کەنداو و سووریا هەناردەکراوە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی ئایاری 2024، ئەندازیار ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک، بە کوردستان24ـی گوت، "ئەمساڵ، 798 هەزار دۆنم زەوی لە پارێزگای دهۆک بەگەنم داچێنراوە، بۆیە ئێمە پێشبینی دەکەین ئەو گەنمەی ئامادە دەکرێت بۆ بەبازاڕکردن زیاتر لە 400 هەزار تۆن بێت".

گوتیشی: تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە نەدراوە کە چەند گەنم وەردەگرن، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین کە وەکو پارساڵ نەبێت، چونکە کێشەی زۆرمان بۆ دروست بوو. بۆیە داوادەکەین جووتیارانی ئێمە وەکو جووتیارانی خوارووی ناوەڕاست گەنمەکانیان لێوەرگیرێت.

ئەحمەد جەمیل ئاماژەی بەوەشکرد، هەنگاوەکانی کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بەبازاڕکردنی بەرووبومی خۆماڵی زۆرگرنگ بوو، کە وەکو دەستپێک سێوی بەرواری هەناردەکرا، دواتر پەتاتە و مازی و برنج و سماق لە پارێزگای دهۆک هەناردەکراوە، ئەمە جگە لە هەناردەکردنی هەنگوین و هەنار.

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک باس لەوەش دەکات، کابینەی نۆیەم زیاتر سەرنجی لەسەر بەبازاڕکردنە، هەروەها حکوومەت سیاسەتی هێنانی کەرتی تایبەت بۆ کەرتی چاندن جێ بەجێ دەکات، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر سەرنج لەسەر بەرووبومی ستراتیژی بێت، دەشڵێت: "پارێزگای دهۆک لە بەرهەمی ستراتیژی گەیشتووەتە ئاسایشی خۆراک".

ڕاشیگەیاند، ئەمساڵ نزیکەی شەش هەزار تۆن پەتاتە بۆ وڵاتانی کەنداو و سووریا هەناردەکراوە، چونکە ئێمە 500 هەزار تۆنمان هەبوو، هەروەها 126 ساردکەرەوەمان هەیە، ئەوەش وای کردووە ئەو بەرهەمانە کۆگا بکەین کەم کەم بخەینە بازاڕ.

لەبارەی سامانی ئاژەڵیدا ئەحمەد جەمیل گوتی: "دهۆک لەسامانی ئاژەڵدا بەناوبانگە، نزیکەی ملیۆنێک و 900 سەر ئاژەڵمان هەیە"، هەروەها شەش پڕۆژەی هێلکەی مریشکمان هەیە کە ڕەنگە بەرهەمی بگاتە چوار هەزار کارتۆن، زیاد لە پێویستی خەڵکە و ڕەنگە بازاڕی بۆ پەیدا بکەین لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق. هەروەها 330 پڕۆژەی مریشکمان هەیە.