سوید داوای ڕاگرتنی هاتنی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی دەکات

سەرۆک وەزیرانی سوید، سەردانی ناوەندی ناردنەوەی پەنابەران دەکات و داوای ڕاگرتنی هاتنی کۆچبەران بۆ سوید دەکات.

ئۆلف کریستێرسۆن، سەرۆک وەزیرانی سوید داوای بڵاوکردنەوەی زانیاریی دروست سەبارەت بە سیاسەتی کۆچبەری سوید کرد، ئەوەش بە ئامانجی ڕێگریی لە هاتنی کۆچبەران بۆ سوید کە بیانووی ڕاستەقینەی مافی پەنابەرییان نییە، هەروەها داوای لە باڵیۆزخانەکانی سوید کرد، ئەم زانیاریانە لە دەرەوەی وڵات بڵاو بکەنەوە بۆ ئەوەی لێ نەگەڕێن کۆچبەران بگەن بە سوید.

ئەو لێدوانەی کریستێرسۆن لە میانەی سەردانێکیدا بوو، لەگەڵ ماریا مالمێر شتاینەرگارد، وەزیری کۆچبەران، بۆ سەنتەری گەڕانەوەی پەنابەرانی ڕەتکراوە، لە شارەوانی بۆرلۆڤ لە باشووری سوید، بڕیاریان دا پەنابەران بە ئارەزووی خۆیان بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان و لە سوید نەمێننەوە. ژمارەی ئەو پەنابەرانە لەو ناوەندەدا پێکهاتووە لە 60 پەنابەر.

لە سوید، ئێستە پێنج سەنتەری گەڕانەوە هەن، دەکەونە شارەوانییەکانی بۆرلۆڤ، ئینکۆپینگ، مالمۆ، مۆڵندال و ستۆکهۆڵم و پێکەوە  توانای وەرگرتنی 650 پەنابەریان هەیە.

لە میانی ئەو سەردانەدا بۆ سەنتەری ناردنەوە، کریستێرسۆن دەڵێت، "سیاسەتی کۆچبەریی سوید پێویستی بە هەماهەنگی هەیە، لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە کۆچبەرەکانی دەیانەوێت بگەنە سوید، هەروەها ئەو وڵاتانەی کە پەنابەری وەنەگیراویان هەیە لەلایەن سویدەوە، پێویستە وەریان بگرنەوە".

سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی وڵاتان لە وەرگرتنی هاووڵاتییانی دیپۆرتکراو لە سوید، کریستێرسۆن ڕایگەیاند، حکوومەتەکەی فشار دەخاتە سەر ئەو وڵاتانە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی یارمەتییە دەرەکییەکان و پرسە دیپلۆماسییەکان و ڤیزاوە بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر بە هاووڵاتییانیان بەجێ بهێنن.

Fly Erbil Advertisment