دادگایەکی ئەڵمانی پێنج ئەندامی خێزانێکی لوبنانی ڕاپێچی زیندان دەکات

دادگای Dresden ئەڵمانی سزای زیندانی بەسەر 5 گەنجی خێڵی "ریمۆی لوبنانی" لە بەرلین سەپاند، بە تۆمەتی دزینی زێڕی مۆزەخانەی گرین ڤاڵت لە شاری Dresden، کە دەکەوێتە ویلایەتی ساکسۆنی ئەڵمانیا. بەهای ئەو زێڕە دزراوانە بە 100 ملیۆن یۆرۆ مەزەندە دەکرێت، کە هێشتا هەندێکیان وەرنەگیراونەتەوە، سێ لە تۆمەتبارەکان ڕەگەزنامەیان هەیە، بەڵام دووانەکەی دیکە مافی نیشتەجێبوونیان لە ئەڵمانیا هەیە، هەر پێنجیشیان سەر بەیەک خێزانن.

سزاکانی زیندانیکردن لە نێوان چوار ساڵ و چوار مانگە لەگەڵ شەش ساڵ و سێ مانگ، جگە لە دزیکردن، دادگا بە تۆمەتی سووتاندن و دزیکردن بە چەک و زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵی گشتی، ئەو پێنج گەنجە سزا دەدات.

دادگا ئەوەشی ئاشکرا کرد، سزاکە لەسەر بنەمای "ڕێککەوتن" لەگەڵ تۆمەتباران دەرچووە، بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم کەلوپەلە دزراوەکان، بەڵام هێشتا بەشێک لەو کەلوپەل و زێڕانە دەست نەکەوتوونەتەوە. ئەوەشی خستە ڕوو، لەناویاندا گەنجێکی تەمەن 25 ساڵ بە هۆی ئامادەنەبوونی لە شوێنی تاوانەکە بێتاوان دەرچوو لەو خێزانە.

هەروەها یەکێک لە تۆمەتبارەکان سزای زیندانیکردنی نەوجەوانانی بۆ ماوەی چوار ساڵ و چوار مانگ بەسەردا سەپێنراوە. دادگا بڕیاری دا کە چوار تۆمەتبارەکە باجی زیانەکانی مۆزەخانەکە و کەیسەکانی نمایشکردن بدەن.

بەپێی ڕۆژنامەی " Berliner Morgenpost E-Paper"، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ڕایانگەیاند، تۆمەتباران سەر بە خێڵی عەرەبی ڕیمۆن بە ڕەچەڵەک لوبنانی، کە یەکێکە لە گەورەترین خێڵەکان، تاوان و توندوتیژی لە ئەڵمانیا دەکەن، هەروەها بەپێی خەمڵاندنەکانی پۆلیسی تاوانی فیدراڵی ئۆفیس، نزیکەی 200 هەزار کەس سەر بەم خێزانە گەورانەن لە هەموو ئەڵمانیا.