رۆناڵدۆ و مێسی کێبڕکێی لەسەر گواستنەوەی یاریزانێک دەکەن
کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری یانەی نەسڕی سعوودی و هەروەها لیۆنێل مێسی، هێرشبەری یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکا داوا لە بەرپرسانی یانەکەیان دەکەن، بۆ وەرزی داهاتوو ناچۆ بگوازنەوە ریزەکانیان.
ناچۆ بەرگریکاری یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، ئەم وەرزە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت و بە ئەگەرێکی زۆریش، ریزەکانی یانەکەی جێدەهێڵێت و ئامادەنیە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، بۆیە چەندین یانە لەسەر هێڵن بۆ گواستنەوەی ئەو بەرگریکارە.
ماڵپەری گۆڵی جیهانی بڵاویکردەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری یانەی نەسڕی سعوودی و هەروەها لیۆنێل مێسی هێرشبەری یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکا، داوایان لە کارگێری یانەکەیان کردووە، ئەو یاریزانە ئیسپانیە بگوازنەوە ریزەکانیان، بۆیە ناچۆ بازاڕی گەرم بووە و تاوەکو ئێستاش بڕیاری کۆتایی، لەبارەی یانەکەی داهاتووی نەداوە.
لەلایەکی دیکەوە لە ماوەی رابردوو رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی یانەی ریاڵ مەدرید ئامادەن، بۆ ماوەی وەرزێکی دیکە گرێبەستی ناچۆ نوێ بکەنەوە، بەڵام ئەو یاریزانە بڕیاریداوە یانەکەی جێبهێڵێت و لە ئەوروپاش نەمێنێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوو رووبەڕووی یانەکەی پێشووی نەبێتەوە.