ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی ئەڵمانیا دەکات
بە سەردانێکی سێ ڕۆژە، ئەمڕۆ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دەگاتە ئەڵمانیا، بۆ دووپاتکردنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکیەکان.
ئەم سەردانە، دوو هەفتە پێش هەڵبژاردنەکانی ئەورووپا، وەک هێمای یەکڕیزی و دۆستایەتیی نێوان دوو زلهێزی یەکێتیی ئەورووپا دیاری دەکرێت، چەند وتار و سەردانی مۆنیومێنتی هۆڵۆکۆستیش دەگرێتەوە.
ئەمە یەکەم سەردانی دەوڵەتی سەرۆکی فەرەنسایە بۆ ئەو وڵاتە زلهێزە لە دوای سەردانەکەی جاک شیراک لە ساڵی 2000، بڕیار بوو سەردانەکە لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا بکات، بەڵام بەهۆی ئەو ئاژاوەیەی فەرەنسا ڕووی دا، دواخرا.
بڕیارە ماکرۆن بە یاوەری بریجیتی هاوسەری ئەمڕۆ یەکشەممە، بگاتە بەرلین و لەوێ لەلایەن سەرۆک فرانک واڵتەر شتاینمایەر پێشوازییان لێ بکرێت.