نێچیرڤان بارزانی: شۆڕشی گوڵان هه‌ستانه‌وه‌یه‌كى شكۆمه‌ندانه‌ى میلله‌تێك بوو له‌ پێناو ئازادیدا

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی لە ساڵڤەگەڕی شۆڕشی گوڵان، جه‌خت له‌ كار و لێكگه‌یشتنى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌یى ده‌كاتەوە‌. دەشڵێت، شۆڕشەکە "هه‌ستانه‌وه‌یه‌كى شكۆمه‌ندانه‌ى میلله‌تێك بوو له‌ پێناو ئازادى و سه‌رفرازیدا".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-05-2024، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی 48ـەمین ساڵڤەگەڕی شۆڕشی گوڵان، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "له‌ كاتێكدا ئه‌مڕۆ یادى شكۆدارى چل و هه‌شت ساڵه‌ى هه‌ڵگیرسانى شۆڕشى گوڵان ده‌كه‌ینه‌وه‌، سڵاو و دروود بۆ گیانى پاكى شه‌هیدان ده‌نێرین و به‌ ڕێزه‌وه‌ یادیان دەکەینەوە. سڵاو له‌ ته‌واوى پێشمه‌رگه‌ و كادیران و هه‌موو ئه‌و قاره‌مان و جوامێرانه‌ى به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، له‌ ڕیزه‌كانى شۆڕشدا خه‌باتیان كرد".

شۆڕشى گوڵان، وەکو ئەوەی نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی پێ داوە، "هه‌ستانه‌وه‌یه‌كى شكۆمه‌ندانه‌ى میلله‌تێك بوو له‌ پێناو ئازادى و سه‌رفرازیدا ئاماده‌ى گیانبه‌خشین و هه‌موو قوربانیدانێك بوو‌. له‌ شۆڕشى گوڵاندا، گه‌لى كوردستان سه‌لماندى كه‌ هه‌رگیز كۆڵ نادات و په‌یام و ئامانجى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌یلوول به‌ ڕابه‌رایه‌تیى بارزانیى نه‌مر تا سه‌ركه‌وتن به‌رده‌وامه‌. "

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، "كۆبوونه‌وه‌ى هێز و لایه‌نه‌كانى كوردستان به‌ ده‌ورى ئامانجێكى باڵاوه‌، به‌رهه‌مى شۆڕشى گوڵان بوو كه‌ له‌ كۆتاییدا ڕاپه‌ڕینى ئازارى 1991ى سه‌رخست و ئازادى و فیدراڵى و قه‌واره‌ى ده‌ستووریى هه‌رێمى كوردستانى به‌دوا هات".

جێگری سەرۆکی پارتی، له‌م یاده‌دا جه‌خت له‌ كار و لێكگه‌یشتنى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌یى ده‌كاتەوە‌ كه‌ وەکو خۆی دەڵێت، "ئێستا و داهاتوویه‌كى باشتر بۆ گه‌لى كوردستان مسۆگه‌ر ده‌كات".