هۆی کشانەوەی کۆمپانیاکانی بواری وزە لە عێراق ئاشکرا دەکرێت

سێشەممەی ڕابردوو، کۆمپانیای وزەی هۆڵەندی شێڵ، کشانەوەی خۆی لە پرۆژەی پیشەسازییە پترۆکیمیاییەکان ڕاگەیاند، کە بە "نەبراس" ناسراوە، هاوکات وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق دووپاتی کردەوە کە داوای لێبووردنی کۆمپانیاکە بۆ بەردەوامبوون لە پرۆژەکە دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕینی سیاسەتی وەبەرهێنان لە پیشەسازییەکانی پترۆکیمیایی.
جۆن کرۆکەر، جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای شیڵ، دەڵێت: لە کاتی سەردانەکەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هۆڵەندا، پیی گوتووە: کشانەوەی کۆمپانیاکەیان لەبەر گۆڕان لە پلانەکانی کۆمپانیاکە بووە.
کۆمپانیای "شێڵ"ـی هۆڵەندی یەکەم کۆمپانیا نییە لە وەبەرهێنانی وزەی عێراق بکشێتەوە، چونکە پێشتریش کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمەریکی لە کارکردن لە هەندێک کێڵگەی نەوتی باشووری عێراق کشاوەتەوە. جگە لە کشانەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، سێ کۆمپانیای چینی لە چوارچێوەی خولی مۆڵەتدانی نەوتدا، داواکاریی کارکردنیان پێشکەش کردبوو. ئەمەش پرسیاری زۆر لەبارەی هۆی ئەم کشانەوە و زیانە ئابوورییانەی کە لە ئەنجایمدا دروست دەبن، دەوروژێنێت.
پترۆکیمیایی نەبراس
نەبیل ئەلمەرسومی، مامۆستای ئابووریی لە زانکۆی "ئەلمعەقەل" لە بەسرا و پسپۆڕی کاروباری نەوت بە جەزیرە نێتی ڕاگەیاند، "پرۆژەی نەبراس گەورەترین پڕۆژەی پترۆکیمیاییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار تۆن ماددەی 'پولی ئەسیلین'ـی هەیە."
ئەلمەرسومی دەشڵێت: گرنگیی ستراتیجیی پڕۆژەکە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە بنکەیەکی پیشەسازی پێک دەهێنێت و پاڵپشتیی پیشەسازییەکانی پلاستیک و لاستیک دەکات. هەروەها هەموو پیشەسازییە پەیوەندیدارەکان. لەکاتێکدا کە بەهای پڕۆژەکە بە 11 ملیار دۆلار، دەخەملێنرێت، جگە لە دابینکردنی 40 هەزار هەلی کار، هەروەها داهاتی دارایی ساڵانەی بە نزیکەی 1.4 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
سەبارەت بە کشانەوەی کۆمپانیای شێڵ، ئەلمەرسومی ئاماژە بەوە دەکات، دانوستانەکانی عێراق لەگەڵ کۆمپانیاکە لە ساڵی 2015 دەستی پێ کردووە و دابەشکردنی پشکەکان بە ڕێژەی 49% بەسەر کۆمپانیاکەدا بووە بە بەراورد بە 51% بۆ وەزارەتەکانی نەوت و پیشەسازیی عێراق، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو کۆمپانیایە لە پڕۆژەکەدا کشاوەتەوە.
گوتیشی: بڕیارەکەی کۆمپانیای شێڵ، سێیەم بڕیاری کشانەوەیە لەسەر ئاستی عێراق دوای ئەوەی بریاری کشانەوەی لە کێڵگەکانی مەجنون و قورنەی ڕۆژاوا دا.

کشانەوەی لۆجستی یان ئەمنی؟
نەبیل ئەلمەرسومی پێی وایە کۆمپانیای شێڵ دوو کێشەی ڕووبەڕوو بووەتەوە، یەکەمیان پەیوەندیی بە کشانەوەی لە کێڵگە نەوتییەکانی مەجنوون و قورنەی ڕۆژاوا هەبووە، ئەوەی دیکەش پەیوەندی بە ڕێژەی تێچوون لە گرێبەستە نەوتییەکانی عێراقدا هەبووە، ئاماژەی بەوەش دا، تێچووی ئەو ڕێژەیە کە لە گرێبەستەکەدا دیاری کراوە بە نزیکەی 11 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، بەڵام بەپێی حیساباتی کۆمپانیاکە، کرێی زیادە 3 بۆ 4 ملیار دۆلاری دیکەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد، دۆخی ئاڵۆزی ئەمنی عێراق هۆیەکی دیکەیە بۆ کشانەوەی کۆمپانیای شێڵ لە پڕۆژەکە، دوای ئەو گرژیانەی کە دوو مانگ لەمەوبەر لە نێوان گرووپە چەکدارەکان و هێزەکانی ئەمەریکا سەریان هەڵدا.
لەلایەکی دیکەوە، عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، کشانەوەی کۆمپانیای شێڵ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ئێستادا گرنگی بە پڕۆژەکانی گاز دەدات لەجیاتی پڕۆژەی نەوت و پترۆکیمیایی.
جیهاد جەختیشی کردەوە، کشانەوەی کۆمپانیای شێڵ هەموو پڕۆژەکانی نەگرتووەتەوە، بەو پێیەی کۆمپانیاکە هێشتا وەبەرهێنانێکی گرنگی لە پڕۆژەی کۆمپانیای گازی بەسرادا هەیە.
ڕوونیشی کردەوە، "کۆمپانیای شێڵ خاوەنی 44%ـی پشکەکانی پڕۆژەی گازی بەسرایە، هاوشانی کۆمپانیای میتسوبۆشی ژاپۆنی کە خاوەنی 5%ـی پشکی ئەو پڕۆژەیە، دەشڵێت: ماوەی 14 ساڵە لەو پڕۆژەیە کاردەکات و لە بواری وەبەرهێنانی گازدا کار دەکات".
سەبارەت بە کشانەوەی کۆمپانیاکانی دیکە لەعێراق جیهاد گوتی: هۆی کشانەوەی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمەریکی بۆ ئەو قازانجە بچووکانە دەگەڕێتەوە کە لەو وڵاتەدا بەدەستی هێناوە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوەش کرد، وەبەرهێنانەکانی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل لە کێڵگەی قوڕنەی ڕۆژئاوادا لە بەرژەوەندی ئەودا نەبوو، چونکە کۆمپانیاکە خۆی ئەوەی گوتووە، هەروەها کشانەوەی کۆمپانیاکە بە کۆدەنگیی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بووە.
لای خۆیەوە حەسەن عوبەیدی شارەزای بواری ئەمنی ڕایدەگەیەنێت، هۆکاری کشانەوەی کۆمپانیای شيڵ لە لێدوانی بەرپرسەکانیەوە ڕوون بووەتەوە، بەڵام هەموو کۆمپانیا وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکان لە وەبەرهێنانەکانیاندا پشت بە چەندین هۆکار دەبەستن، گرنگترینیان فاکتەری ئەمنییە، کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئەم کۆمپانیایانە ملیارەها دۆلار لەدەست بدەن.
دەشڵێت: ئەوەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە عێراق ڕوویداوە لە ڕووی بە ئامانجگرتنی بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و فڕۆکە ئەمەریکییەکان لە ناوخۆی وڵات و لە دڵی بەغدا، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئاسۆی ئەو وڵاتە هەیە، لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.
سەبارەت بەو دۆخە، عێراق لە ڕیزبەندییەکانی بانکی نێودەوڵەتیدا لە پێوەرەکانی بازرگانیدا پلەی هاتووەتە خوارەوە، بەو پێیەی ڕیزبەندییەکەی ئەو وڵاتە لە کۆی 190 وڵاتدا پلەی 172ـی بەدەست هێنا، کە ئەلمەرسوومی هۆکەی بۆ بڵاوبوونەوەی چەک لەنێوان گرووپ و خێڵە چەکدارەکاندا دەگەڕێنێتەوە، هەروەها بڵاوبوونەوەی گەندەڵی، بیرۆکراتیی و فشارەکانی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان هۆیەکی دیکەیە.