لویس دیاز ئامانجی یەکەمی بارسێلۆنایە
بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا لە هەوڵی ئەوەدان، بۆ وەرزی داهاتوو هێرشبەرێکی نوێ بگوازنەوە ریزەکانیان، بۆ ئەم مەبەستەش لویس دیاز هێرشبەری کۆلۆمبی یانەی لیڤەرپوولی ئینگڵتەڕایان کردووەتە ئامانج.
رۆژنامەی وەرزشی ئاسی ئیسپانی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی بلاوگرانا بیر لە فرۆشتنی رافینها هێرشبەری بەڕازیلی یانەکەیان دەکەنەوە، لە ئەگەری جێبەجێ کردنی ئەم پرۆژەیەش، ئەو کاتە هەوڵ بۆ گواستنەوەی لویس دیاز هێرشبەری یانەی لیڤەرپوول، وەکو شوێنگرەوەی دەدەن.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا دڵنیان لە فرۆشتنی یاریزانە بەڕازیلیەکەیان، بۆیە دێکۆ بەرێوەبەری وەرزشی ئەو یانەیە، دانوستانەکانی لەگەڵ بەرێوەبەری کارەکانی هێرشبەرە کۆلۆمبیەکە دەستپێکردووە.
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی ئاسی مەدریدی ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، بەرپرسانی یانەی لیڤەرپوولی ئینگڵتەرا، ئامادەن بەرامبەر 75 ملیۆن یۆرۆ، دەستبەرداری لویس دیاز هێرشبەری یانەکەیان بن. بە ئەگەرێکی زۆریشەوە رافینها بەرامبەر 80 ملیۆن یۆرۆ، ئەم وەرزە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا جێدەێڵێت.