شێرکۆ حەبیب: قەتەر ئاگادارە لەوەی  هەرێمی کوردستان ژینگەی لەبارە بۆ وەبەرهێنان

شێرکۆ حەبیب، بەرپرسی مەکتەبی پارتی لە میسر
شێرکۆ حەبیب، بەرپرسی مەکتەبی پارتی لە میسر

بەپرسی مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میسر ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان بە سەرچاوە سروشتییەکانی دەوڵەمەندە و ئارامە لە ناوچەکە، ئەوە وای کردووە وڵاتان بێن و وەبەرهێنانی تێدا بکەن.

رۆژی یەکشەممە (26ـی ئایاری 2024)،شێرکۆ حەبیب، بەرپرسی مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میسر، دەربارەی پەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتان بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە گرنگیی بە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بدرێت و بەهێز بکرێت، چونکە وڵاتانی عەرەبی کاریگەرییان لەسەر بڕیاری هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە، دەشڵێت، پێشتر پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی، پەیوەندیی سیاسیی بوون، بەڵام ئێستا پەیوەندییەکان پەرەی سەندووە بۆ ئابووری و بازرگانیی و کلتووریی.

شێرکۆ حەبیب دەڵێت، قەتەر ئاگادارە لەوەی  هەرێمی کوردستان ئارام و سەقامگیرە و ژینگەی لەبارە بۆ وەبەرهێنان، لە وزە و بونیاتنانیش پێشەنگە، ئەوان بایەخ بە پیشەسازیی و کشتوکاڵ دەدەن، هەرێمی کوردستانیش بە سەرچاوە سروشتییەکانی دەوڵەمەندە و ئارامە لە ناوچەکە، ئەوە وای کردووە وڵاتان بێن وەبەرهێنانی تێدا بکەن.

بەرپرسی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، ئەمنییەتی کوردستان زۆر هاندەر بووە بۆ هاتنی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی وڵاتان، گوتی، ئێمە دەتوانین سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتانەش وەبگرین کە لە هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی و کونسوڵخانەیان هەیە.

دەشڵێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاریی زۆری بۆ وەبەرهێنەران کردووە، بەتایبەتیش وەبەرهێنەرانی بیانی، وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی میسریش بەنیازن بێنە هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان بکەن.

شێرکۆ حەبیب ئاماژەی بەوە کرد، سەردانەکانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتان، کاریگەریی زۆری لەسەر هاتنی وەبەرهێنەر و سەرمایەدارانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە.

دەڵێت، ئەو پەیوەندییانە کاریگەرییان لەسەر خۆشگوزەرانی خەڵک و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە هەولێر کرایەوە.

له‌میانه‌ی پێشكه‌شكردنی گوتارێك له‌ رێوره‌سمی كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌ی گشتیی قه‌ته‌ر له‌ هه‌ولێر، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی ڕایگه‌یاند، بانگهێشتی وەبەرهێنەرانی قەتەری دەکەین کە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لە بوارە جۆراوجۆەکاندا پرۆژەی ئەنجام بدەن و ئێمەش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەر کارئاسانییەک لەم بوارەدا.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكوه‌زیران هیواخوازه‌ كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌ی گشتی قه‌ته‌ر ببێته‌ به‌ره‌و پێشچوونی زیاتری په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و ده‌وحه.

Fly Erbil Advertisment