سوودانی و گۆتێرێس بۆ کاتی کۆتایی هێنان بە کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندییان بەیەکەوە کرد
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای کردووە، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندیی تەلەفۆنی پێوە کردووە، لەبارەی کاتی کۆتایهێنانی ئەرکی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە عێراقدا.
رۆژی یەکشەممە (26ـی ئایاری 2024)، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردوەتەوە کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێسەوە پێگەیشتووە و گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندی نێوان عێراق و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و لایەنەکانی هاریکاری لە بوارە جۆراوجۆرەکان و بەرنامەکان کردووە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەکانیی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان هەیە، دەشڵێت، پەیامی عێراقمان لەبارەی کاتی کۆتایی هێنان بە کارەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری بە گۆتێرێس ڕاگەیاند.
سوودانی دەڵێت، لە میانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سوپاسی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەکەی لە عێراق و بەرنامە و بەشدارییەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانمان لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا کرد، هەروەها بەردەوامبوونمان لەگەڵ ئەو ئالنگاریانەی کە ڕووبەڕووی گەلی عێراقمان بوونەتەوە لەسەر ئاستی جۆراوجۆر.