سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا: دەبێت سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاگەداری قسەکانی بێت
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، جۆرجیا میلۆنی، داوا لە سکرتێری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ یەنس ستۆڵتنبێرگ دەکات ئاگەداری لێدوانەکانی بێت.
سەبارەت بە لێدوانەکانی ستۆڵتنبێرگ بە ڕێگەدان بە کیێڤ بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ڕووسیا بە چەکی ڕۆژئاوایی، میلۆنی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی RAI-3 گوتی " نازانم بۆچی ستۆڵتنبێرگ ئەمەی گوتووە؟ پێویستە وریا بین، من هاوڕام لەوەی کە ناتۆ دەبێت هەڵوێستێکی توند بگرێتەبەر و کۆڵ نەدات، بەڵام چەندان قسەی ناکۆک هەیە."
لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا لێدوانەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای بەبیرهێنایەوە، کە پێشتر سەبارەت بە ئەگەری ناردنی هێزەکانی ناتۆ بۆ ئۆکرانیا گوتبووی و کاردانەوەی لێ کەوتەوە.
پێشتریش بە گۆڤاری "زە ئیکۆنۆمیست"ی بەریتانی، ستۆڵتنبێرگ پێشنیاری کردبوو کە هاوپەیمانەکانی ناتۆ دووبارە بیر لەو پرسەوە بکەنەوە کە ئایا ئۆکرانیا بتوانێت بە چەکی ڕۆژئاوا هێرش بکاتە سەر ئامانجە سەربازییەکان کە دەکەونە سەر خاکی ڕووسیای فیدراڵ، یان نا.