مه‌سرور بارزانی: چوار ساڵ لەمەوبەر بەردی بناغەی پردی دەربەندی ڕانیەمان دانا و ئەمڕۆ کردمانەوە

سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی پردی دەربەندی ڕانیه‌
سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی پردی دەربەندی ڕانیه‌

سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی رایده‌گه‌یه‌نێت، چوار ساڵ لەمەوبەر بەردی بناغەی پردی دەربەندی ڕانیەمان دانا، و ئەمڕۆ کردمانەوە.

له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس (تویته‌ری پێشوو)، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی نووسیوویه‌تی: "نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەر، لە بارودۆخێكی سەختدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، بەردی بناغەی پردی دەربەندی ڕانیەمان دانا، و ئەمڕۆ کردمانەوە".

هه‌روه‌ها سه‌رۆكوه‌زیران نووسیوویه‌تی: "پردەکە لەلایەن توانای ناوخۆییەوە بنیاتنراوە، سوودی بۆ كەرتی گەشتیاری و ئابووری و هاتووچۆی هاووڵاتییان و بەروبوومی جووتیاران لە ناوچەكە دەبێت".

بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ پردی ڕانیە - بنگرد لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین کرایەوە.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، پرۆژەی پردی ڕانیە – بنگرد "سوودێكی زۆر بە خەڵكی ئەم ناوچەیە دەگەیەنێت، سنووری پشدەر و بیتوێن و مەرگە بە یەكەوە دەبەستێتەوە، ئاسانكاریی بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دەکات، سوودێكی زۆری دەبێت بۆ گواستنەوەی بەروبوومی جووتیاران و هەروەها یارمەتیی گەشەسەندنی كەرتی گەشتیاریش لەم دەڤەرە دەدات".

وەکو ئەوەی مەسرور بارزانی ئاماژەی پێ دا، پرۆژەکە "بە تەواوی لە لایەن توانا ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستانەوە جێبەجێ كراوە. خۆشبەختانە ئەمڕۆ شایەدی ئەوەین توانا ناوخۆییەكان لە بواری دروستكردنی ڕێگەوبان، گەشەیان سەندووە و كوالێتیی ڕێگە و پردەكان زۆر باشتر بووە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و هەروەها پێشخستنی ژێرخانی ئابووری دەبێت".

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران جەختی لێ کردەوە، پلان و بەرنامەی هەیە "بۆ خزمەتی كەرتی ڕێگەوبان لە هەموو ناوچەكانی كوردستان. خوا یار بێت بە باشتربوونی دۆخی دارایی، تۆڕی ڕێگەوبانی هەرێم كە شادەماری ئابووریی هەرێمن، بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان زیاتر پێش دەخەین".

پردی دەربەندی ڕانیە لە 13ـی تشرینی یەکەمی 2020 بەردی بناغەی لە لایەن سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە گوژمەى 11 ملیار و 387 ملیۆن و 745 هەزار و 800 دینار دانرا.

پردەکە لەسەر زێی بچووکە و درێژییەکەی 420 مەتر و 15 مەتر پان و 32 مەتر بەرزە، ئیدارەی ڕاپەرین و شارۆچكەی دووکان و سلێمانی پێکەوە دەبەستێتەوە و کار ئاسانییەکی زۆر بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و بازرگانی و گەشتیاری و کشتوکاڵیدا دەبێت.