بەشار مەتی وەردە: هەرێمی کوردستان نیازی ڕاستگۆیانەی هەیە بۆ پرسی پێکەوەژیان

سەرۆکی ئەسقافەی کلدانی لە هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان نیازی ڕاستگۆیانەی هەیە بۆ پرسی پێکەوەژیان.
رۆژی دووشەممە (27ـی ئایاری 2024)، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی باری کەسیی کریستیانەکانی عێراق لە زانکۆی کاسیۆلیکی لە هەولێر بەڕێوەچوو.
لە چوارچێوەی مەراسیمەکە، بەشار مەتی وەردە، سەرۆکی ئەسقافەی کلدانی لە هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کۆنفرانسە بۆ هەمووان گرنگە، بەتایبەت بۆکریستیانەکان، گوتی، دەستووریی هەموو وڵاتان یەکانگیرە و مافی کریستیانەکان لەبەرچاو گیراوە، لە دەستوورەکان مافی کریستیانەکان و کلێساکان دیاریکراوە.
بەشار مەتی وەردە گوتی، یاساکان ڕێگریی بۆ پێکهاتەکان دروست نەکردووە،ئاماژەی بە زۆرێک لە وڵاتان کرد کە مافی کریستیانەکانیان تێیدا دەستەبەر کراوە، جگەلە عێراق کە گوتی، لە عێراق ماددەی 17 دەڵێت، هەموو پێکهاتەکانی بێ جیاکاری بەرامبەر یاسا وەکو یەک و ئازادن لە دەربڕین و ماف و ئەرکیان، بەڵام ئەوە نەکراوە، پێی وابوو ئەوە ئەجێندای سیاسیی لە پشتەوە بووە، پێی وابوو کە یاسایەکی تایبەت بە مەسیحییەکان نییە و بەهۆکاری سیاسیی مافی کریستیانەکان پێشێل دەکرێت .
گوتی، هەر یاسایەک پێوسیت بێ، پێویستە پرۆژە یاسایەک هەبێت و ڕەوایەتی پێ بدرێت بۆ ئەوەی هەموو تاکێک خۆی بە هاووڵاتی ئەو وڵاتە بزانێت وەک یەک بێ جیاوازی، پێی وابوو، ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەیەکی ڕاستگۆیە بۆ نیازی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باوەڕبوون بە ژیانی هاوبەشی پێکهاتەکان.