لویس ساکۆ: دۆخی عێراق جێی شەرمەزارییە

لویس ساکۆ، پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان
لویس ساکۆ، پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان

پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان ئاماژە بەوە دەکات، هەرچەند لە دەستووری عێراق ئاماژە بە مافی پێکهاتەکان کراوە، بەڵام بەداخەوە دۆخی عێراق جێی شەرمەزارییە، پێویستە پێداچوونەوە بە یاسای باری کەسیی بکرێت.

رۆژی دووشەممە(27ـی ئایاری 2024)، لویس ساکۆ، پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان، لەچوارچێوەی کۆنفرانسی باری کەسیی کریستیانەکانی عێراق لە زانکۆی کاسیۆلیکی لە هەولێر، تیشکی خستە سەر گرنگیی کۆنفرانسەکە کە بۆ بەرهەمهێنانی یاسای باری کەسییە لە بابەتی هاوسەرگیریی و لێک جیابوونەوە و بابەتەکانی میرات و منداڵ و بنەماکانی ئەخڵاقی و نیشتیمانی، ماف و ئەرک و ئازادییەکانی هەر کەسێک.

لویس ساکۆ گوتی، پێویستە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم هەنگاو بنێت و چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ نەهامەتییەکانی عێراق بدۆزێتەوە.

دەشڵێت، دەستووری عێراق زامنی یەکسانی کردووە بۆ هەمووان، بەڵام پێویستە وڵاتێکی خاوەن سەروەری بێت و ڕێز لە هاووڵاتیانی بگرێت، جیاکاری لەنێوان پێکهاتەکان و ئایینەکان و پێکهاتەکان نەکات، وڵاتی  ئازادی و مافەکان بێت، دەستەبەری ژیانێکی ئاسوودە بکات، گوتی، بەڵام بەداخەوە دۆخی عێراق جێی شەرمەزارییە، پێویستە پێداچوونەوە بە یاسای باری کەسیی بکرێت.

لویس ساکۆ پێشنیازی کرد،  یاسایەکی یەکگرتوو بۆ باری کەسیی دەربکرێت لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی فرەرەنگی لەنێو پێکهاتە و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان، کە هەستی نیشتیمانپەروەریی پێی زیاد بکرێت، هاوکات داوای چارەسەریی و یاسایەکی گشتگیریی بۆ باری کەسی تەواوی پێکهاتە و ئاینەکان کرد.

Fly Erbil Advertisment