پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بەڵێنی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سەپاندنی خزمەتی نیشتیمانیی ده‌دات

ریشی سوناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا
ریشی سوناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا

 

پارتی پارێزگارانی بەریتانیا دووپاتی کردەوە، سەپاندنی خزمەتی نیشتیمانی نیشتیمانی دەگەڕێنێتەوە ئەگەر جارێکی دیکە لە هەڵبژاردنی بەریتانیا بباتەوە کە بڕیارە لە4ـی تەممووزی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

لەسەر بنەمای ئەو پلانەی بڵاوی کردەوە، پارتی پارێزگارانی بەریتانیا دەڵێت، دوو بژاردە لەبەردەم بەریتانییەکانی تەمەنیان گەیشتۆتە 18 ساڵ هەیە، ئەوانیش یا ئەوەتا بێنە ڕیزی سوپا بە خزمەتی تەواو لەماوەی 12 مانگدا، یاخود کۆتایی هەفتەی هەموو مانگێک وەکو خۆبەخش بەدرێژایی ساڵێک.

ریشی سوناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا گوتی، ئەو پلانە هەستێکی هاوبەش لەنێو گەنجەکانمان بۆ یەک ئامانج دروست دەکات، وایان لێ دەکات شانازیی بە وڵاتەکەیان بکەن.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، ئەو خزمەتە نیشتیمانییە نوێی و بەزۆری و ناچارییە، دەرفەتیك بۆ گەنجەکانمان دروست دەکات کە ژیانی خۆیان بگۆڕن، هاوکات دەرفەتی ئەوەیان پێ دەدات شارەزای تواناکانی خۆیان بن لە واقیعدا، لەگەڵ ئەوەی لەسەریانە بەرامبەر بە وڵات و خەڵکی خۆیان جێبەجێی بکەن.

لەگەڵ ئەوەی ریشی سوناک ئاماژەی پێکرد کە ئەو پلانە بۆ خزمەتی نیشتیمانیی ناچاری و زۆرییە، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا جەیمس کلێفەرلی گوتی، ئەو گەنجانەی بڕیارەکە جێبەجێ ناکەن دووچاری هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی نابن.

پارێزگارەکان کە لە ساڵی 2010 ەوە لە دەسەڵاتدان، مەزەندەی ئەوە دەکەن کە پلانەکە ساڵانە نزیکەی 2.5 ملیار پاوەند (3.2 ملیار دۆلار)ـی تێدەچێت.

پارێزگارەکان دەڵێن، ئەو گەنجانەی کە بڕیار دەدەن خۆیان تۆماربکەن بۆ ئەوەی بەشداریی لە سوپادا بکەن "فێردەبن و بەشداری دەکەن لە پرۆسەی لۆجستی و ئاسایشی ئەلیکترۆنی و کڕین و وەڵامدانەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی."

خۆبەخشەکان یارمەتیی خزمەتگوزارییەکانی ئاگرکوژێنەوە و پۆلیس و NHS و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان دەدەن کە مامەڵە لەگەڵ یەکتر دەکەن و پشتیوانی لە خەڵکی بەتەمەن و دابڕاو دەکەن.

بەریتانیا لە ساڵانی 1947 بۆ 1960 خزمەتی نیشتمانی سەپاند و گەنجانی تەمەن 17 بۆ 21 ساڵ بۆ ماوەی 18 مانگ لە هێزە چەکدارەکاندا خزمەتیان کرد.

ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا، لەوانە نەرویج و سوید، جۆرێک لە خزمەتی سەربازی کاتییان هەیە.