یەکێتیی ئەوروپا زیاتر لە دوو ملیار دۆلاری بۆ پەنابەرانی سووریا تەرخان کرد
"ڕەتیان کردەوە پەنابەرانی سووریا دیپۆڕت بکەنەوە"
بەشداربووانی هەشتەمین کۆنفرانسی وەزاری کە لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل بۆ پشتیوانی لە داهاتووی سووریا و دراوسێکانی ڕێکخرابوو، بە کۆی دەنگ هۆشدارییان دا لە دەرئەنجامەکانی "لەبیرکردنی سووریا" و ملیۆنان ئاوارە ناوخۆیی و دەرەکی بۆ وڵاتانی دراوسێ.
یەکێتیی ئەوروپا، ڕۆژی دووشەممە، بەڵێنی زیاتر لە دوو ملیار یۆرۆ 2.17 ملیار دۆلاری دا بۆ پاڵپشتیکردنی پەنابەرانی سووریا لە ناوچەکە، هەروەها ڕەتیشی کردەوە ئاوارەکان بگەڕێننەوە بۆ زێدی خۆیان، چونکە مەرجەکانی گەڕانەوەی خۆبەخشانە و سەلامەت ئامادە نییە.
جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە "پابەندبوونمان تەنیا بە بەڵێنی دارایی کۆتایی نایێت، دەبێت هەوڵەکانمان دوو هێندە بکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ ململانێکان، چارەسەرێک کە پشتیوانی بکات لە خواستەکانی گەلی سووریا".
بۆ یەکەمجار لە سەرەتای سازدانی ئەم کۆنفرانسە ساڵانەیە، ئەمساڵ دوای ماوەیەکی کەم لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، کە تێیدا دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بابەتی سەرەکی بوو.
هاوکات ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سووریا بەشداریان لە کۆنفرانسەکە کرد و گفتوگۆیان لەسەر دۆخی سووریا کرد، ئەمە جگە لە بۆنە ڕۆشنبیرییەکان کە فێستیڤاڵێکی سینەمای سوریای لەخۆگرتبوو.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەم کۆنفرانسە دوای 13 ساڵ ئازار بۆ سوورییەکان بووەتە پێویستییەکی بەپەلە کە سێ لەسەر چواریان پێویستیان بە هاوکارییەکی زۆر هەیە و دوای نۆ ساڵ ملیۆنێکیان لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارەبوون، شەش ملیۆنیشیان پەنایان بردە بەر ئوردن و لوبنان و عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و دەرەوەی وڵات.
گۆتێرێس ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەدا 90ـی پەنابەرانی سووریا ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دەستەبەر بکەن.