ساڵانە 50 هەزار کەس لە ئێران بە هۆی جگەرەکێشان دەمرن

سەرۆکی ناوەندی تەندروستیی ژینگەیی و پیشەیی لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاشکرای کرد، ساڵانە 50 هەزار کەس لە دانیشتووانی ئێران بە هۆی جگەرە کێشانەوە دەمرن.

جەعفەر جوندوقی سەرۆکی ناوەندەکە لە میانی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی لە ژێر دروشمی "هەفتەی نیشتمانی بەبێ جگەرەکێشان" گوتی: زیانەکانی جگەرەکێشان زۆر لە قازانجە بازرگانییەکەی زیاترە، هەربۆیە هەموو جۆرە ڕێکلام کردنێک لە کەناڵەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو شوێنە گشتییەکان قەدەغەیە.

ڕاشیگەیاند، ئەرکی سەرەکی هەڵمەتەکەیان کەمکردنەوەی جگەرە کێشانە لە کۆمەڵگەدا گوتیشی: نۆ ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران یاسای قەدەغەکردنی جگەرە کێشانی لە شوێنە گشتییەکان دەرکردووە، بەڵام یاساکە و ئەو سزایانەی بۆ جگەرە کێشان دیاری کراوە پێویستە هەموار بکرێنەوە، چونکە یاساکان لە کاتێکدا دەرکراون کە بارودۆخەکە لەگەڵ ئێستا زۆر جیاوازە، هەربۆیە بە یاسای کۆن ناتوانرێت ڕێگری لە دیاردەی جگەرەکێشان و زیانە تەندروستیی و ئابوورییەکانی بکرێت.

لەلایەکی دیکە بێهزاد وەلیزادە سەرۆکی دەستەی نیشتمانی بۆ کۆنترۆڵکردنی جگەرەکێشان لە وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاندووە، بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان فڕۆشتنی جگەرە بە هەرزەکارانی ژێر 18 ساڵ قەدەغەیە، بەڵام یاساکە جێبەجێ نەکراوە و بە گوێرەی توێژینەوەکان دەرکەوتووە 65% ی هەرزەکارەکان ڕاستەوخۆ لە دوکان و مارکێتەکان بگەرە دەکڕن و دەیکێشن.