سەربەست لەزگین: لە نێوان مانگی 10 بۆ 11ـی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورستانەوە دەڵێت، " بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات".

سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک، بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، دانوستاندن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە بەغدا بەردەوامە، لەگەڵ کۆمیسیۆن، دەستەی دادوەری، دادگای فیدراڵی و لایەنە سیاسییەکان، کە هەندێک گۆڕانکاری کراوە و هەندێکی دیکەش بەو زووانە دەکرێت.

سەبارەت بە دەستنیشانکردنی وادەیەک بۆ هەڵبژاردن گوتی: "بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات.

باسی لەوەشکرد، "پێشبینی دەکەین بڕیاری هەڵبژاردن بۆ مانگی 10 یان سەرەتای مانگی 11 بێت، بەڵام ئەوەش دەبێت بە ڕێککەوتن بێت لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و کۆمیسیۆن و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان."

سەبارەت بە قەبوڵکردنی مەرجەکانی پارتی دەشڵێت: "هەندێک مەرج قەبوڵکراوە و هەندێک گۆڕانکاری کراوە، ڕەنگە هەمووشتێکیش بەدڵی مرۆڤ نەبێت، ئەوگۆڕانکارییەی کراوە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی پارتی، چونکە ئەگەر پارتی داکۆکی نەکردبایە و هەڵوێستی نەبوایە، ڕەنگە زۆر شت هەبوو نەدەکرا، وەکو شێوازی تەکنیکی و دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان لەسەر پێکهاتەکان"

.