جێنین پلاسخارت: زۆر شت لە سەرۆک عەشیرەت و سەرکردە ئاینییەکان فێربووم

جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتیی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق
جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتیی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق

نێردەی تایبەتیی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق لە کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی لەعێراق پەیامێکی بڵاو کردوەتەوە و دەڵێت، نەتەوە یەکگرتووەکان عەسای سیحراوی لا نییە، هاوسەنگیی نێوان ململانێ و ئاشتیی، یاخود هەژاری و خۆشگوزەرانیی بەندە بە ئیرادەی سیاسیی وڵاتەکان.

رۆژی سێشەممە (28ـی ئایاری 2024)، جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتیی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق لە کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا گوتویەتی، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، سەرسام بووم بە بەخشندەیی و میوانداریی گەلێک کە هەرگیز لە داب و نەریتی پێشوازیکردن لە خەڵکی بیانیی و یارمەتیدانی ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتییە  دانەبڕاون، دەشڵێ لە ماڵەکانیان بۆ ژەمێک نانخواردن بانگهێشتیان کردووین.

پلاسخارت دەڵێت، زۆر شت لە سەرۆک عەشیرەت و سەرکردە ئاینییەکان و ئەکادیمیستەکان و سیاسییەکان فێربووین، دەشڵێت، نەتەوە یەکگرتووەکان عەسای سیحراوی لا نییە، هاوسەنگیی نێوان ململانێ و ئاشتیی، یاخود هەژاری و خۆشگوزەرانیی بەندە بە ئیرادەی سیاسیی وڵاتەکان.

جێنین گوتویەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان کاری لەپێشینەی، پێشخستنی ئاشتی و خۆشگوزەرانییە بۆ هەمووان.

ڕۆژی سێشەممە 28ی ئایاری 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە خاتوو جەنین پلاسخارت نێردەی تایبەتیی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق كرد، كە بەبۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی لە عێراق و بۆ ماڵئاوایی سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو.

لەدیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكان لەسەر ئاستی عێراق و ناوخۆی هەرێمی كوردستان كرا.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی خاتوو جەنین پلاسخارتی كرد و پێزانینی بۆ ئەو ڕۆڵە باشە هەبوو كە لە ماوەی كاركردنی لە عێراقدا بە مەبەستی یارمەتیدانی سەقامگیریی عێراق و لەیەك نزیككردنەوەی لایەنەكان و چارەكردنی كێشەكان گێڕاویەتی و هەروەها هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كاری تازەیدا.

HH