هیوا ئەفەندی: عێراق بە سیستەمی دیجیتاڵیی هەرێمی کوردستان سەرسامە

کوردستان24 ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرا دەکات

هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق
هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق

سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، حکوومەتی عێراقی بە سیستەمی دیجیتاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرسامە.

ڕۆژی سێشەممە (28ـی ئایاری 2024)، هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 ئاشکرای دەکات، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ بریکاری وەزارەتی پلاندانی عێراق، باسیان لە دانانی ژمارەیەکی تایبەت بە فەرمانبەرانی حکوومەتی عێراقی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.

هیوا ئەفەندی دەڵێت، لە دەستپێک وەزارەتی پلاندانی عێراق بۆیان ڕوون نەبوو کە بۆ دەیانەوێت ئەو ژمارەیە بکەن و چ سوودێکی هەیە بۆ ئەوان؟ لە کاتێکدا پێشتر ئەوە کراوە و لەگەڵ تەکنەلۆجیاکانی سەردەم ناگونجێت، دەڵێت، لە کۆبۆنەوەکە وەک شاندی هەرێمی کوردستان ئاماژەمان بەوە کرد کە ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو فەرمانبەرێک  ژمارەیەکی تایبەتیی خۆی هەیە کە لە تۆماری زانیاریی دانیشتیوانەوە سەرچاوەی گرتووە، دەشڵیت، باسی سیستەمی دیجیتاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستانمان بۆیان کرد و پێی سەرسام بوون.

سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، دوای ئەوەی باس کرا چۆن سیستەمەکان لەگەڵ یەکتر زانیاریی ئاڵوگۆڕ بکەن، هاوکات باسمان لەوە کرد باوی ئەو جۆرە ژمارانە نەماوە چونکە لە ماوەیەک بەو شێوازە بووە کە سیستەمە دیجیتاڵییەکان نەبووە.

هیوا ئەفەندی ئاشکرای کرد،  بڕیارە هەفتەکانی داهاتوو شاندێکی وەزارەتی پلاندانی عێراق بێنە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی سیستەمەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ببینن، دوای ئەو کۆبوونەوانە بڕیارێک دەدەین کە بەچ ئاراستەیەک هەنگاو بنێین، چونکە ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ژمارەیەمان هەیە کە ئەوان دەیانەوێت دروستی بکەن، بە نموونەی پرۆژەی هەژماری من کە پشت بەو ژمارەیە دەبەستێت.

دەشڵێت، لەسەر ئەوە هاوڕابووین هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەدەین و بەردەوامی بە کۆبوونەوەکان بدەین.