ئەنتۆنی بلینکن داوای ڕاگرتنی شەڕی سوودان دەکات

سوودان
سوودان

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئەنتۆنی بلینکن، لەگەڵ عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی سوودان، دوایین پێشهاتەکانی شاری ئەلفاشریان تاوتوێ کرد، جەختیشیکردەوە، پێویستە کۆتایی بە ململانێکان بهێنرێت و دانوستانەکان دەستپێبکەنەوە و هاووڵاتیانی مەدەنی بپارێزن.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ماتیۆ میلەر، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بلینکن قسەی لەگەڵ بورهان کردووە و باسیان لە کۆتاییهێنان بە ململانێیە بەردەوامەکانی سوودان و دەستڕاگەیشتن بە هاوکاریی مرۆیی بێ بەربەست کردووە.

بلینکن باسی لە "دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی جددە کرد و گوتی، پێویستی هاووڵاتیانی مەدەنی بپارێزرێن و توند و تیژییەکان لە ئەلفاشر لە باکووری دارفۆر کەمبکرێتەوە".

شەڕی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە 15 نیسانی 2023، سەری هەڵدا، کە دەیان هەزار کەس کوژران و برینداربوون و هەروەها نزیکەی 9 ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون.

هێزەکانی پشتیوانی خێرا ناوچە بەرفراوانەکانی ڕۆژئاوا و باشووری سوودانیان کۆنترۆڵ کردووە، شاری ئەلفاشر دوایین قەڵای هێزە چەکدارەکانی سوودان بوو لە دارفور، و شوێنێکی ستراتیژی گرنگ بوو بۆ ڕێڕەوی بازرگانی کە بە لیبیا و چادەوە دەبەسترێتەوە.

Fly Erbil Advertisment