نووسینێکی نیکی هایلی لەسەر گوللـە تۆپێکی ئیسرائیل هەرا دەنێتەوە

ئەو وێنانەی لە سۆشیال مێدیا بڵاوکراونەتەوە، دەرکەوتووە کە نیکی هایلی، کاندیدی پێشووی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، دەستەواژەی "لەناویان ببەن" لەسەر گوللـە تۆپێکی ئیسرائیل نووسیوە، ئەمە لە کاتێکدا بوو گەشتێکی بۆ ناوچە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەنزیک سنووری باکووری لوبنان، دەکرد.

دانی دانۆن، ئەندامی ڕێکخراوی کنێست و باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وێنەکەی لە ئەکاونتی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکردەوە، کە لەو کاتەدا یاوەری هایلی دەکرد لە گەشتەکەیدا.

دانۆن لە پۆستەکەیدا کە وێنەیەکی لەگەڵدا بووە دەڵێت: "نیکی هایلی لەسەر یەکێک لەو گوللـە تۆپانەی نووسیوە "لەناویان ببەن" ئەمە ئەو نووسینەیە کە هاوڕێکەم، نیکی هێلی باڵیۆزی پێشوو نووسیویەتی".

هایلی باڵیۆزی ئەمەریکا بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا، هەروەها دانۆنیش لەو کاتەدا نوێنەری ئیسرائیل بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، زیاتر لە 36 هەزار کەس کوژراون، کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵن.

ئەم هەنگاوەی هایلی توڕەیی دواکەوتە و چالاکوانانی سۆشیال مێدیای لێ کەوتەوە و ئەو کارەی هایلیان بە "بانگەوازێکی ئاشکرا بۆ بەردەوامبوونی جینۆساید لە غەززە" زانی.

موحسین ساڵح، مامۆستای توێژینەوەی فەڵەستینی و بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری زەیتونە بۆ لێکۆڵینەوە و ڕاوێژکاری، لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی، هەنگاوەکەی هایلی "نەبوونی بەها مرۆییە هاوبەشەکان" دەرئەبڕێت.

ڕۆژنامەنووس عەواز فەیاز نووسیویەتی، ئەم هەنگاوەی هایلی دوای "کۆمەڵکوژیی ئەم دواییەی ڕەفەح و کوژرانی دەیان هاووڵاتی مەدەنی دێت".

محەمەد شەهادە، ڕۆژنامەنووسی غەززە، پێیوابوو کە نووسینی هایلی دەستەواژەی "لەناویان ببەن" لەسەر مووشەکەکانی ئیسرائیل هاندەری کوشتنی زیاتری منداڵانی فەڵەستینییە.