سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق كرد
ئەمڕۆ چوارشەممە 5/29 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە گلێن مایڵز باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر لەسەر ناوچەکە.
پێویستیی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم ، هەروەها گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵ لە پرۆسەیەکی ئازاد و دادپەردوەرانە و بە بەشداری و پاراستنی مافی پێکهاتەکان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.