لە بەغدا هێرش کرایە سەر کۆمپانیایەکی ئەمەریکی و پەیمانگایەکی بەریتانی
سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، لقی کۆمپانیای کەرەستەی بیناسازی ئەمەریکی Caterpillar و پەیمانگای پەروەردەیی کامبریجی بەریتانی لە بەغدای پایتەخت، هێرش کرایە سەریان.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، لقی Caterpilla لە ناوچەی جادریە لەناوەڕاستی پایتەختی عێراق بەبۆمبی دەنگی کراوەتە ئامانج.
ئاشکراشکراوە کە پەیمانگای کامبریج بەریتانی-ئەمریکی بە بۆمبی دروستکراوی ناوخۆی لە ناوچەی شەقامی فەڵەستین لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا کراوەتە ئامانج.
لە ئەنجامی ئەو دوو هێرشەدا هیچ زیانێکی مرۆیی تۆمار نەکراوە، جگە لە زیانی ماددی بە بیناکانی کۆمپانیا و پەیمانگاکان.
ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێت کە ئێوارەی یەکشەممەی ڕابردوو دوو چێشتخانەی سەر بە زنجیرە چێشتخانەکانی KFC ی ئەمەریکییان کردە ئامانج، یەکەمیان لە ناوچەی شەقامی فەڵەستین و ئەوی دیکەیان لە ناوچەی کەڕادە - 62 لە بەغدای پایتەخت.