کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و هادی عامری دەستی پێ کرد

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و هادی عامری لە بەغدا دەستی پێ کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدری لە بەغدا کرد.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی لەگەڵ عامری کۆببێتەوە، لە بەغدا، لەگەڵ هەر یەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق کۆبووەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-05-2024، مەسرور بارزانی، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی فیدراڵ و سەرکردە و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق گەیشتە بەغدا.
مەسرور بارزانی و سوودانی: گرنگە کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، له كۆبوونهوهكهی نێوان هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، بارودۆخى عێراق به گشتى و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور تاوتوێ کراوە.
وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەرودوولا هاوڕابوون له سەر پێویستیی بهردهوامبوونی گفتوگۆى بنياتنهرانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کە لە بەرژەوەندی سەرجەم پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراقدا بێت".
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: بەهێزیی هەرێم بەهێزیی عێراقە
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، "لهگهڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكارى ئاسايشى نیشتمانيى عێراق هاوڕابووین کە هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستوورییە و بەهێزیی هەرێم بەهێزیی عێراقە و بە پێچەوانەشەوە، بۆیە دەبێت باشترین پەیوەندی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا هەبێت".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە: "دووپاتم کردەوە لە ڕووی ئەمنییەوە، هەماهەنگییەکی باش لە نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵدا هەیە و هیوادارین ئەم هەماهەنگییە باشە لە هەموو بوارەکانی دیکەشدا ڕەنگ بداتەوە".
مەسرور بارزانی: بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بەغدام
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ماون، شتێکی زۆر ئاساییە ئێمە بێین لە بەغدا لەگەڵ هەموو ئەو برادەرانەی بەرپرسن، دیدار و گفتوگۆ بکەین. یەکەم کۆبوونەوەمان لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بووە کە برایەکی خۆشەویست و ئازیزمانە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەعرەجی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی عێراق و حزبە سیاسییەکان "دیدار و گفتوگۆمان دەبێت لەسەر کۆمەڵێک ئەو گرفتانەی کە تاوەکو ئێستا (لەنێوان هەولێر و بەغدا) ماون". وەکو خۆی گوتی، ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی، بە مەبەستی "پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە باشانەیە کە ئێستا خەریکە دەکەونە سەر سکە (رێڕەو)ـی خۆی".