37 کۆچبەری نایاسایی لە زەریای ئیجە ڕزگار کران
ئاژانسی فەرمیی تورکیا ڕایگەیاند، 37 کۆچبەری نایاسایی کە 18ـیان منداڵن، لە ناوچەی کارابورون و دیکیلی دەریای ئیجە، لەلایەن هێزی کەناراوەکانی پارێزگای ئیزمیر ڕزگار کران.
بەگوێرەی هەواڵەکە، ئەو بەلەمەی تێیدا بوونە، بزوێنەرەکەی کێشەی تێکەوتووە، بۆیە بەلەمەکە وەستاوە و دواتر شەپۆڵی زەریا ئاراستەکەی گۆڕیوە، سەرنشینەکان داوای هاوکارییان لە تیمەکانی پۆلیس کردووە و سەرئەنجام هەموویان ڕزگار کران. دوای دەرهێنانیان لە بەلەمەکە، ڕاستەوخۆ ڕەوانەی فەرمانگەی ناردنەوەی کۆچبەران کران.
پێشتر، ئۆلف کریستێرسۆن، سەرۆک وەزیرانی سوید داوای بڵاوکردنەوەی زانیاریی دروستی سەبارەت بە سیاسەتی کۆچبەریی لە سوید کرد، ئەوەش بە ئامانجی ڕێگریی لە هاتنی کۆچبەران بۆ سوید کە بیانووی ڕاستەقینەی مافی پەنابەرییان نییە، هەروەها داوای لە باڵیۆزخانەکانی سوید کرد، ئەم زانیاریانە لە دەرەوەی وڵات بڵاو بکەنەوە بۆ ئەوەی لێ نەگەڕێن کۆچبەران بگەنە سوید.
لەلایەکی دیکەوە، سوناک، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ڕوواندا بە پرۆسەیەکی دیپۆرتکردن ناوبرد و ڕایگەیاند، یاسای ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ڕوواندا لە پەرلەمان لە قۆناغی کۆتایی دایە.
بەڵێنیشیدا لە 10 بۆ 12 هەفتەی داهاتوودا پرۆسەی ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ڕوواندا جێبەجێ دەکەن و حکوومەتیش هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ ئەوەی بەم هەنگاوە کۆتایی بە دیاردەی کۆچی نایاسایی بهێنن.