بە فەرمانى سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری نۆژەن دەکرێتەوە

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری

بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری  بە ملیارێک و 700 ملیۆن دینار نۆژەن دەکرێتەوە.

رۆژی شەممە (1ـی حوزەیرانی 2024)، ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندی دەربڕیووە بۆ  تەرخانکردن و خەرجکردنى زیاتر لە ملیارێک و 700 ملیۆن دینار،  بۆ گۆڕینی چیمەن و نۆژەنکردنەوەی یاریگەی شەهید فەڕەنسۆ هەریری.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاشکرای دەکات، ئەو بڕە پارەیەی بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری بە فەرمانی سەرۆکوەزیران تەرخان کراوە،  بەشێوەى نەختینە و قۆناغ لە سەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر پڕۆژەى گۆڕینی چیمەن و نۆژەنکردنەوەی یاریگەی نێودەوڵەتی شەهید "فەڕەنسۆ هەریری خەرج دەکرێت،  پارێزگاری هەولێریش ڕایدەگەێنێت، دواى کۆتاهاتنى خولى نایابى عێراقى ئەمساڵ، ڕاستەوخۆ دەست بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکە دەکرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ ، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، سەردانى یانەی وەرزشی هەولێری کرد و دەستخۆشى لە سەرۆك و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی و سەرپەرشتیار و یاریزانان و ڕاهێنەرانی یانەکە کرد بەرامبەر هەوڵ و ماندووبونییان کە توانیان لە ماوەیەکى کەمدا دەستکەوتێکى باش لە یاریەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەدەست بهێنن و یانەکە بگەێننەوە بە ئەنجامێکی باش، ئومێدیشی خواست ئاستی یانەکە زیاتر بەرزبێتەوە و سەرکەوتنی پتر بەدەستبهێنن.

دواتر ئومێد خۆشناو  ڕایگەیاند، ئەوەى کە لە 18ى شوباتى ئەمساڵ لە یادی (23) ساڵەی شەهیدکردنی فەڕەنسۆ هەریری، بڕیاردراوە  چیمەنی یاریگەکە بگۆڕدرێت و دەست بەنۆژەنکردنەوەی یاریگاکە بکرێت.

یاریگای "شەهید فەڕەنسۆ ھەریری" یاریگایەکی نێودەوڵەتی یانەی ھەولێرە و بەدووەم گەورەترین یاریگایی وەرزشی دادەنرێت لە عێراق، لە ساڵی 1956 لەگەڵ دروستبوونی یانەی ھەولێر دروستکراوە و لە کۆتایی ساڵی 2001 بەناوى شەهید "فەڕەنسۆ ھەریری" کراوە، لە ساڵی 2009 بۆتە یاریگایەکی نێودەوڵەتی، لە ئێستاشدا ئەو یاریگایە بۆتە بەشێكی دیار و بەرچاوە لە مێژووی هەولێر و جێی شانازی هەموو وەرزشوان و وەرزش دۆستانە.