ڕووسیا.. په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌ری پریگۆژین لادرا

له‌ شاری سانت پترسبۆرگی ڕووسی په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌ری سه‌رۆكی پێشووی گرووپی چه‌كداری ڤاگنه‌ر لادرا، هاوكات لایه‌نگرانی چه‌پكه‌گوڵیان له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی دانا.

ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 1ـی حوزه‌یرانی 2024) له‌ شاری سانت پترسبۆرگی ڕووسی، له‌ ته‌نیشت گۆڕه‌كه‌یدا په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌ری یه‌ڤگینی پریگۆژین، سه‌رۆكی پێشووی گرووپی چه‌كداری ڤاگنه‌ر لادرا.

هاوكات لایه‌نگرانی پریگۆژین زۆرێکیان جلی سەربازییان لە بەردا بوو و ڕووخساریان داپۆشرابوو، چه‌پكه‌گوڵیان له‌ به‌رده‌م په‌یكه‌كه‌ و له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی دانا.

ڕۆژی چوارشەممە 23ـی ئابی 2023، فڕۆکەیەکی تایبەت کە یەڤگینی پریگۆژین و نۆ کەسی دیکەی تێدا بوو، لە باشووری ڕووسیا کەوتە خوارەوە.

جگە لە پریگۆژین، فەرماندەیەکی ڤاگنەر بە ناوی دیمیتری ئوتکین لەنێو فڕۆکەکەدا بووە و ئەویش گیانی گیانی سپارد.

ڤاگنەر لە ساڵی 2014ـوه‌ لە زۆرێک لە ململانێکان لە سەرانسەری جیهاندا بەشدار بووە، بەتایبەتی لە سووریا و لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا.

ئەو گرووپە بەشداری لە چالاکییە سەربازییەکانی ململانێ ناوخۆییەکانی ژمارەیەک له‌ وڵاتانی كردووه‌ لە بەرانبەر دەستڕاگەیشتن بە سامانە سروشتییەکانیان، بۆ نموونە باس لەوە کرا کە ئەندامانی ئەو گرووپە پاسەوانی ئەو کێڵگە نەوتییانە دەکەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی سووریادایە، لە بەرانبەردا رێژەیەک لە داهاتی ئەو کێڵگەیە دەبات.

درەنگانی شەوی (23ـی حوزەیرانی 2023) پریگۆژین جەنگی دژی سوپای ڕووسیا و حکوومەتی مۆسکۆ ڕاگەیاند و هێزەکانیان چوونە ناو شاری ڕۆستۆڤ لە سنووری ڕووسیا و تەواوی بنکە سەربازییەکانیان کۆنترۆڵ کرد.

ئەو دۆخە نەگەیشتە 24 کاتژمێر و نووسینگه‌ی سه‌رۆكی بێلاڕووس بڵاوی كرده‌وه‌، گرووپی ڤاگنه‌ر ڕازی بووه‌ دۆخه‌كه‌ له‌ ڕووسیا هێور بكاته‌وه‌ و چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانی بوه‌ستێنێت ئەمەش لەسەر پێشنیازی ئه‌لێكسا‌نده‌ر لۆكاشینكۆ، سەرۆکی بیلاڕووس بووە کە گرووپەکە پێشڕەوییەکانی بەرەو مۆسکۆ بوەستێنێت.

Fly Erbil Advertisment