عێراق پشتیوانیی لە دەستپێشخەرییەکەی بایدن بۆ ئاگربەست لە غەززە دەکات

باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق | وێنە: پێگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق
باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق | وێنە: پێگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتیوانیی لە دەستپێشخەرییەکەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی داوە، حکوومەتی عێراق پشتیوانیی لەو دەستپێشخەرییە هاوبەشەکەی بایدن و هەردوو حکوومەتی قەتەر و میسر چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی بۆ ئاگربەست لەغەززە دەکات. هاوکات داواکارە بزووتنەوەی حەماس لە پێناو کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی غەززە بە ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ دەستپێشخەرییەکە بکات.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە، داواکارین هێرشە دوژمنکارییەکان ڕابگیرێن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەرکی خۆی لە ڕاگرتنی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ جێبەجێ بکات.

هەروەها هیوادارە سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بە تەواوی بکشێنێتەوە بۆ ئەوەی ژیان و ئاوەدانی بۆ غەززە بگەڕێتەوە و ئامادەیی تەواوی حکوومەتی عێراق دەربڕیوە بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی غەززە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، لە کاتێکدا هەوڵە نێوەندگیرییەکان ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان بەردەوامە، ئەمەریکا و میسر و قەتەر بەیەکەوە داوا لە حەماس و ئیسرائیل دەکەن پابەندی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بایدن بن کە لە 31ی ئایاری 2024 ڕایگەیاندووە.

هەروەها ئاماژەیداوە، دەستپێشخەرییەکە داواکارییەکانی هەموو لایەنەکانی کۆکردووەتەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییە جۆراوجۆرەکان بکات و هاوکاری دەستبەجێ بۆ خەڵکی غەززە دەستەبەر بکات و هەنگاوێکیشە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و شادبوونەوەیان بە خێزانەکانیان. ئەم ڕێککەوتنە نەخشەڕێگایەک پێشکەش دەکات بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کۆتایی هێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەوە.