سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناغەی دوو پارک لە دهۆک دادەنێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دوو پارک لە شاری دهۆک بە گوژمەی زیاتر لە 31 ملیار دینار دادەنێت.

کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 03-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی هەردوو پارکی ئالۆکا و سەرهەڵدان (بەرۆشکێ) لە شاری دهۆک دادەنێت.

ڕووبەری پارکی "ئالۆکا" یەک ملیۆن و 575 هەزار مەتر دووجا و پارکی "سەرهەلدان"ـیش 130 هەزار مەتر دووجایە و بە گوژمەی 131 ملیار و 898 ملیۆن و 515 هەزار دینار دروست دەکرێن.

لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 959 پڕۆژەی گەورە و بچووک لە سنووری پارێزگای دهۆک بە گوژمەی پتر لە یەک ترلیۆن و 81 ملیار دینار جێبەجێ کراون و "بە شێوەیەکی دادپەروەرانە" بەسەر قەزا و ناحیەکاندا دابەش کراون.

لەو 959 پرۆژەیە، 485 پرۆژە خراونەتە خزمەتی هاووڵاتییان و کارکردن لە 423 پرۆژەی دیکەش بەردەوامە. هاوکات ڕەزامەندیی بۆ جێبەجێ کردنی 51 پرۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگاری دهۆک دەرچووە و ئێستا مامەڵەی تەندەرینگ "موناقەسە"ـیان بۆ دەکرێت.

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک پێشتر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، "لە ماوەی ڕابردوودا زۆرترین پرۆژەکانمان لە سنووری گوند و لادێکان جێبەجێ کردوون و ویستوومانە بایەخی زیاتریان پێ بدەین. ئەو پرۆژانەی جێبەجێ کراون لە بوارەکانی ڕێگەوبان، ئاوەڕۆ، کارەبا و چەندین بواری دیکدا بوونە".

دانانی بەردی بناغەی ئەم دوو پارکە لە دهۆک لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە، 28-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کرد و لەگەڵ بەرپرسە ئیدارییەکان کۆبووەوە. دواتر بەردی بناغەی چوار پرۆژە کە بریتین لە (ڕێگەی دووسایدی 40 مەتریی هۆڵی بۆنەکان – شەهیدانی ئازادی، پارکی ناوشار، پارکی نیشتمانی و ئۆڤەرپاسی دەروازەی سۆران) دانا.

پێشتریش و ڕۆژی دووشەممە، 27-05-2024، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوەرەسمێکدا، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، پردی دەربەندی ڕانیەی کردەوە.