سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پەرستگەی لالش دەکات

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پەرستگەی لالش کرد و جەختی لەسەر گرنگیی و پێویستیی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ئاوەدانکردنەوەی دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان کرد بەسەربڵندی بۆ شوێنەکانیان کردەوە.

پاش نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پەرستگەی لالشی لە قەزای شێخان کرد و لەلایەن میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزدییان لە کوردستان و جیهان و جڤاتی ڕوحانیی پێشوازی لێکرا.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە کە ئێزدی و ئێزدییەکان، یەکێک لە ئایین و پێکهاتە ڕەسەنەکانی کوردستانن و هەرچی پێمان بکرێت لەپێناو زیاتر خزمەتکردنیان ئەنجامی دەدەین.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بە گرنگیی و پێویستیی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ئاوەدانکردنەوەی دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان کرد بە سەربڵندی بۆ شوێنەکانیان.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: شنگال وەک هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێم، بۆ ئێمە زۆر گرنگە و بابەتی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە، یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی دانوستانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، کە داوا دەکەین لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان کێشەکانی ئەو ناوچانە چارەسەر بکرێن.

0
0