ئێمباپێ بووە مەدریدی

کلیان ئێمباپێ یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید
کلیان ئێمباپێ یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید

دواجار خەونی هاندەرانی ریاڵ مەدرید و کلیان ئێمباپێ بووە راستی و ئەو یاریزانە بە شێوەیەکی فەرمی پەیوەندی بە ریاڵ مەدریدەوە کرد و وەرزی داهاتوو هەردوولا پێکەوە، هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەکان دەدەن.

زۆر یاریزان هەن هەر لە منداڵیەوە خەون و ئارەزووی لەبەر کردنی درێسی ریاڵ مەدریدیان هەیە، کلیان ئێمباپێ کوڕە ئەسمەرەکەی پاریسیش یەکێک بووە لەو منداڵانەی ئەو خەونەی هەبووە، هەندێجاریش بە ناراستەوخۆ باسی لە خەونەکەی کردووە، دواجاریش خەونەکەی بووە راستی.

کلیان ئێمباپێ
کلیان ئێمباپێ

 

ساڵانێکی زۆرە فلۆرێنتینۆ پێرێز هەوڵ بۆ گواستنەوەی ئەستێرە دڵخوازەکەی خۆی و هاندەرەکانی دەدات، بەڵام هەر ساڵە و بە بیانۆیەک و هۆکارێک، ئەو یاریزانە لە یانەی خەونەکانی دوور دەکەوتەوە، هەندێکجاریش سەرۆکە دەوڵەمەندەکەی مێرنگی، ئامادەبوو پارەی خەیاڵی بۆ بگوازێتەوە.

ئێمباپێ ئەگەر ویستی مانەوەی لە پاریس سانجێرمان هەبوایە، داهاتێکی خەیاڵی دەستدەکەوت، بەڵام ئەو لە بڕی پارە ناوبانگ و دەستکەوتی هەڵبژارد و بە ئومێدی بەدەستهێنانی چامپیۆنزلیگ و هەروەها باڵۆن دۆر، بڕیاریدا درێسی ریاڵ مەدرید هەڵبژێرێت.

هێرشبەرەکەی هەڵبژاردەکەی فەرەنسا ئارەزووی پۆشینی درێسی ژمارە دڵخوازەکەی واتە حەوتی هەیە، بەڵام ئەم ژمارەیە لە یانە نوێیەکەی خاوەنی هەیە، بۆیە وەکو سەرچاوەکان باسی لێوە دەکەن، وەرزی یەکەم بە درێسی ژمارە نۆ دەردەکەوێت و پاشان وەرزی دووەم درێسی ژمارە دەی پێدەدرێت.

گرێبەستی کلیان ئێمباپێ لەگەڵ ریاڵ مەدرید بۆ ماوەی پێنج وەرز دەبێت، واتە تاوەکو ساڵی 2029 پەیوەندی بە یانەی خەونەکانیەوە دەکات، ئەو کاتیش تەمەنی دەبێتە 29 ساڵ. هەرچەندە وردەکاری گرێبەستەکەی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام ئەو یاریزانە بەهۆی کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی پێشووی، بێ بەرامبەر پەیوەندی بە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگەوە دەکات.

کلیان ئێمباپێ
کلیان ئێمباپێ

بەیاننامەی فەرمی ریاڵ مەدرید
کیلیان ئێمباپێ یاریزانی نوێی ریاڵ مەدریدە، ئەستێرە جیهانییەکە لە کاتێکدا گەیشت، کە تەمەنی 25 ساڵە و گۆڵکاری خولی فەرەنسییە، شەش ساڵی لەدوای یەکە لەگەڵ پاریس سانجێرمان دەبێتە گۆڵکار.
هێرشبەرە سەرسوڕهێنەرەکە ئاستی یانەکەمان زیاتر بەرەو پێش دەبات، ئێمباپێ کاپتنی هەڵبژاردەکەیەتی، لەگەڵ فەرەنسا بووەتە پاڵەوانی مۆندیالی 2018 و پاڵەوانی یۆرۆ، هەروەها لە ساڵی 2021 گۆڵی بردنەوەی یۆرۆی تۆمارکرد، لە مۆندیالی 2022 توانی پێڵاوی زێڕین بباتەوە و گۆڵکاری مێژوویی یارییەکانی کۆتایی مۆندیالە بە تۆمارکردنی چوارگۆڵ.
ئێمباپێ گۆڵکاریی مێژوویی یانەی پاریس سانجێرمانە بە تۆمارکردنی 256 گۆڵ، ئەم وەرزە خولی فەرەنسی، جامی فەرەنسا و جامی سوپەری فەرەنسی بەدەستهێناوە.
لە ماوەی 7 ساڵی لە یانە فەرەنسییەکە 17 نازناوی بەدەستهێناوە، کە پێكدێن لە 6 خولی فەرەنسی، 4 جامی فەرەنسا، 5 جامی سوپەری فەرەنسی و 2 جامی خول.

ئامارەکانی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان
ئامارەکانی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان