برۆنۆ فێرناندیز بووەتە ئامانجی سعوودییەکان
کارگێری یانەی نەسڕی سعوودی، ئامادەیە برۆنۆ فێرناندێزی ناوەڕاستکاری پۆرتوگاڵی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگڵاند، بە پارەیەکی خەیاڵی بگوازێتەوە ریزەکانی.
ماڵپەری گۆڵی جیهانی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی یانەی نەسڕی سعوودی، لەسەر داوای کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵکاری پۆرتوگاڵی یانەکەیان، ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی برۆنۆ فێرناندێزی هاونیشتیمانی، لە ریزەکانی یانەی مانچێستەر یونایتد دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەن 150 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی شەیتانە سوورەکان بکەن، هەروەها ساڵانەش 80 بۆ 90 ملیۆن یۆرۆ، وەکو مووچە پێشکەشی ئەو یاریزانە بکەن.
فێرناندێز تاوەکو هاوینی ساڵی 2026 گرێبەستی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد هەیە، بۆیە ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی و بەبێ رەزامەندی یانەکەی جێبهێڵێت. دەنگۆیەکیش هەیە بەرپرسانی مان یونایتد، ئامادەن دەستبەرداری ئەو یاریزانەیان بن.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکە ئەوەشی بڵاوکردەوە، بەرپرسانی یانەی نەسڕی سعوودی، لە هەمان کاتدا ئامادەن کاسێمیرۆ، ناوەڕاستکاری بەڕازیلی مانچێستەر یونایتدیش، بۆ وەرزی داهاتوو بگوازنەوە ریزەکانیان.